١١٧ شوقە بۆ زیان لێکەوتووەکانی دهۆك دابیندەکرێت

لەسەر فەرمانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢١ی ئازاری ٢٠٢٤ (١١٧) یەکەی نیشتەجێبوون بۆ زیان لێکەوتووەکانی دهۆك دابیندەکرێت. 

عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بە بڕیاری مەسعود بارزانی ١١٧ یەکەی نیشتیەجێبوون بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک تەرخانکران". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا کلیلی یەکەکان رادەستی ئەو کەسانە دەکرێت کە زیانیان بەرکەوتووە. 

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو شەپۆلێکی چڕی بارانبارینی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، کاریگەری شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی قەزای زاخۆ بوو، هەروەها بەهۆی بارانەکەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٥٠ ئۆتۆمبێلیش بەر لافاو کەوتن.


PM:04:36:21/03/2024