شەپۆلێکى سەرما و بارانبارینى بە لێزمە ڕوو لە هەرێم دەکات

شارەزایەکى بوارى کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" سبەینێ هەینی شەپۆلێکى سەرما هەرێم دەگرێتەوە و لەگەڵیدا شەپۆلێکى بارانبارینى بەلێزمە ناوچەکانى هەرێم دەگرێتەوە". 

ئاراس جەبار شارەزای بوارى کەشناسی، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە هەژماری تایبەتی خۆى بڵاویکردەوە" سبەینێ لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی نوێ کە ناوەندەکەی بەسەر تورکیاوەیە و ھاتنی بارستە ھەوایەکی سارد و شێدار لە دەریای ناوەراستەوە بۆسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، ئاسمان بە زۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو و شەپۆلێکی مامناوەندی بارانبارین ناوچەکانمان دەگرێتەوە". 

ئاراس جەبار پێشبینی دەکات، کاریگەریەکانی سەرەتا لە کاتەکانی بەرەبەیانەوە لە سنوری پارێزگای دھۆکەوە دەستپێبکات بە بارانی مامناوەند پچر پچر و لە ناوچە شاخاویەکانی دھۆک و شاخاوی ھەولێر بە تایبەت ناوچەکانی قەزای ئامێدی و ئاکرێ و مێرگەسوور رێژەی بارانەکە زیاتر دەبێت و ھەندێک کات لێزمە باران و ھەورە بروسکە چالاک دەبێت و بارانی پێشبینیکراو لەو دەڤەرانەدا لەسەروو ٥٠ ملم تا زیاتر لە ١٠٠ ملم چاوەروان دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانە بەرێژەیەکی مامناوەند و پچر پچر لە کاتەکانی نیوەرۆ بە دواوە، ناوچەکانی سنوری ئیدارەی راپەرین و پارێزگاکانی کەرکوک و سلێمانی و ھەڵەبجە دەگرێتەوە و بەلاوازیش ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ ٣ تا ٤ پلە دادەبەزێت.


PM:06:12:21/03/2024