کەشناسی هەرێم کاتی دەستپێکردنەوەی لێزمە بارانی ڕاگەیاند

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەمڕۆ و سبەی ئاسمانی هەرێم بە زۆری هەورى باراناوى دەبێت و لە سنووری پارێزگای دهۆکیش ڕێژەی دابارین زیاتر دەبێت". 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ بەهۆی کاریگەری بەردەوامى ئەو نزمە پاڵە پەستۆیەى لەسەر ناوچەکان هەیە تەواوى ئاسمانى هەرێم هەورى باراناوى دەبێت لە زۆربەی ناوچەکان، سەرەتا لە ڕۆژئاواى هەرێم بەشێوەى نمە باران و بارانی مامناوەند دەستپێدەکات و پاشان کاریگەری درێژدەبێتەوە بۆسەر تەواوی ناوچەکانى تر، لە سنووری پارێزگای دهۆک ڕێژەی دابارین زیاتر دەبێت و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ لێزمە باران و هەورە تریشقەی لەگەڵ دەبێت، لە کانەکانی دواینیوەڕۆ لە سنورى پارێزگاى سلێمانى و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان بارانی مامناوەند دەبارێت و هەندێک کات باران بەشێوەی  تاوە بارانی کورت خایەن دەبێت، پاشان بۆ کاتەکانی شەو کاریگەری ئەو شەپۆلە لەسەر ناوچەکان لاواز دەبێت، هەروەها بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکان دەبارێت، هاوکات خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت بە ئاڕاستەی باشووری خۆرهەڵات و مەودای بینین (٧ – ٩)کم دەبێت، پلەکانی گەرماش (١ تا ٣) پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ شەممە ناجێگیرى کەشوهەوا لەسەر ناوچەکان بەڕێژەیەکی کەمتر بەردەوامى دەبێت و ئاسمانی هەرێم بەگشتی هەورى تەواو دەبێت لە زۆربەی ناوچەکان نمە باران و بارانی مناوەند دەبارێت، بە تایبەت سنوری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان باران بارینی زیاتر دەبێت بەروارد بە ناوچەکانی تر، بەڵام لە هەندێک کات و ناوچە پێشبینی هەورە تریشقە و تاوە بارانى کورت خایەن دەکرێت، هەروەها خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت و مەودای بینین (٧ – ٩) کم دەبێت، پلەکانی گەرماش (دوو تا چوار) پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە.  


AM:10:46:22/03/2024