حکومەتی عێراق وەک هێزێکی سیادی تەماشای پێشمەرگە ناکات

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە حکومەتی عێراق وەک هێزێکی سیادی تەماشای هێزی پێشمەرگە ناکات و بەڵکو وەک هێزە ناوخۆیەکانی هەرێم تەماشای دەکات.

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە"عێراق دەڵێت بەپێی دەستور پێشمەرگە هێزێکی سیادی هاوشێوەی سوپای عێراق نییە، بەڵکو وەکو پۆلیس و ئاسایش هێزێکی ناوخۆیی هەرێمە، بۆیە دەبێت هەرێم لە بودجەی خۆی خەرجییان دابین بکات. هەندێکجاریش بیانووی ئەوە دەهێننەوە گوایە ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە زۆرە."

جەبار یاوەر دەڵێت،"حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هیچ بودجەیەکیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە خەرج نەکردووە. ئەو بڕە پارەیەش لە یاسای بودجەی عێراق دا بۆ پێشمەرگە دانراوە بەشی موچەو پێداویستی یەک لیوای پێشمەرگە دەکات."

لەشەڕی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو چەکدارانی ڕێکخراوی داعش، ١٨١٠ پێشمەرگە گیانیان لەدەستداو ١٠٧٢٠ پێشمەرگەش برینداربوون، بەڵام تا ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە موچە بۆ کەسوکاری قوربانییەکان و خەرجی بریندارەکان دابین نەکراوە.

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق ٩ تریلیۆن و ٧٦٤ ملیار دینارە، پشکە بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە لەم بڕە پارەیە، ٢٢٨ ملیارو ٣٠٤ ملیۆن دینارە.

حکومەتی هەرێم بۆ موچەی کارمەندان و هێزەکانی پێشمەرگە مانگانە پێویستی بە ١٣٣ ملیار دینارە، بەو پێیەی ژمارەی پێشمەرگەو خانەنیشینانی ئەو وەزارەتە سەرووی ٤٠٠ هەزار موچە خۆرە، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی لە یاسای بودجەی عێراق دا هاتووە ١٩ ملیار دینارەو تەنها بەشی موچەی ٢٣ هەزار پێشمەرگە دەکات.



PM:08:23:22/03/2024