رێکخراوی ئەمریکی سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی بەهاری تورکیا هۆشداری دەدات

رێکخراوی ئاشتی جیهانی ئەمریکی (CPT)، سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی بەهاری ٢٠٢٤ی تورکیا هۆشداری دەدات و دەڵێت" ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنەش قوفڵکردنی تەواوەتیی سنووری نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و تورکیا و کۆتاییهێنانە بە جموجۆڵی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) و قەڵاچۆکردنیانە".

رێکخراوی ئاشتی جیهانی ئەمریکی (CPT)، کە تایبەتە بە پێشێلکارییەکانی سنووری هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، لە راپۆرتێکدا بە ناونیشانی (قووفڵکردنی تەواوەتیی سەر سنوور)، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا کە بڕیارە لە بەهاری ٢٠٢٤ لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامی بدات رایگەیاند" لە ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەیدا، سوپای تورکیا چاوی بڕیوەتە سەر کۆنترۆڵکردنی زنجیرە چیای گارە، ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنەش قوفڵکردنی تەواوەتیی سنووری نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و تورکیا و کۆتاییهێنانە بە جموجۆڵی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) و قەڵاچۆکردنیانە بە درێژایی زنجیرە چیای گارە". 
 
بەپێی راپۆرتەکەی ئەو رێکخراوە، ئێستا تورکیا لە قۆناخی ئامادەکاریی ئۆپەراسیۆنەکەدایە، لە قۆناخی ئامادەکاریشدا بە بۆردوومانی گوندەکانی دەوروبەری چیای گارە دەستیپێکردووە، و دەڵێت " لە قۆناخی ئامادەکاری بۆ راگەیاندنی فەرمیی ئۆپەراسیۆنەکە، تورکیا بۆردوومانێکی زۆری کردووە، بە جۆرێک لە ٧٠ رۆژی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا، سوپای تورکیا ١٤١ بۆردوومانی لە پارێزگای دهۆکدا کردووە، لەو ژمارەیەش ٧٥ بۆردوومان بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری چیای گارە بوون".
 
رێکخراوەکە جەختی کردووەتەوە کە ئامانج لەم هێرشانە"گوشار خستنەسەر گوندنشینانی دەوروبەری چیای گارە بووە، کە گوندەکانی خۆیان چۆڵ بکەن، بەمەش رێگەی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە و داگیرکردنی پانتاییەکی فراوانتری ناوچەکە خۆشتر و لەبارتر دەبێت".
 
ئاماژە بەوەش دەکات کە بەهۆی ئەم بۆردوومانانە، چوار هاوڵاتی کوژراون و یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە.
 
رێکخراوەکە چیای گارەی بە ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگ ناوهێناوە، کە "بە شاڕێی جموجۆڵی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت و هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەوەش جگە لەوەی ئەشکەوت و خەرەندەکانی ئەو زنجیرە چیایە بوونەتە پەناگەیەک بۆ راهێنان و خۆ حەشاردانی ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان".

لە راپۆرتەکەدا هاتووە" لەدوای حەوت ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئاسمانی و خاکڕەویی سوپای تورکیا لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٧وە تاوەکو نیسانی ٢٠٢٢، تورکیا ٨٦.٢ %ی سنووری نێوان عێراق و تورکیای بە قووڵایی پێنج بۆ ٤٠ کیلۆمەتر داگیر کرد و، ٦٤ بنکە و بارەگای سەربازیی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا جێگیر کرد".
 
بەپێی رێکخراوی ئاشتیی جیهانیی ئەمریکی (CPT)، چیای گارە ٢٢٥١ مەتر لە ئاستی رووی دەریا بەرزە و بە درێژایی ٣٨.٩ کیلۆمەتر هەر چوار قەزای مێرگەسۆر، ئاکرێ، ئامێدی و زاخۆ بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لە دامێن و قەدپاڵەکانی ئەو زنجیرە چیایەدا ٩٤ گوند هەن؛ لەو ژمارەیە ٥٥ گوندیان لە ساڵی ١٩٩٦ـەوە بەهۆی بۆردوومان و لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا بە تەواوی چۆڵ بوون و ئێستا تەنیا ٣٩ گوندی ئاوەدان لە دەوروبەری چیاکەدا ماون.
 



AM:09:45:23/03/2024