نەزهەت حالی: پێویستە رێگا نەدرێت کەسانی نابەرپرس دۆخەکە ئاڵۆزبکەن

بەرپرسی پێشووی دەزگای پاراستنی پارتی دەڵێت " پێویستە هەموو لایەنەکان پێش هەر هەنگاوێک ڕێگە نەدەن کەسانێک بەگوتاری زبرو نابەرپرسانە یان بە مەدح و سەنای بێ مانا لەمیدیاو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دۆخەکە ئاڵۆز بکەن"، داوا لە بارزانیش دەکات رۆڵی هەبێت لە کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان لەم دۆخە خراپەدا.

نەزهەت حالی بەرپرپێشووی دەزگای پاراستن کە ئێستا لە ئەوروپا دەژی لە وتارێکدا بە ناونیشانی " چارەنوسی هەرێم لەناو گێژاوی ململانێی ناوخۆیدا" کە لە هەژماری خۆی بڵاوکردۆتەوە دەڵێت " 

چارەنوسی هەرێم لەناو گێژاوی ململانێی ناوخۆیدا" بەناردنی پەیام و وەڵام وەڵامکاری بۆ یەکتری ، نەک هەر  گرفتەکان چارەسەر نابن ، بەڵکو  کێشەکان قوڵتر و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و سەنگ وپێگەمان لای هاوبەشەکانمان لەئاستی عێڕاق و لای دراوسێکان و وڵاتانی دەرەوە لاواز دەبێت".

لەبارەی دۆخی هەرە خراپی هەرێمەوەو، رۆڵی مەسعود بارزانی سەرۆک پارتی، نەزهەت حالی داوا لە بارزانی دەکات، دەستپێشەخەریەک بکات و هەموو لایەنەکان لە هەولێر کۆبکاتەوە.

دەقی وتارەکەی نەزهەت حالی:

 چارەنوسی هەرێم لەناو گێژاوی ململانێی ناوخۆیدا

هەرێمی کوردستان لەبەردەم دۆخێکی زۆر هەستیار و چارەنوسسازدایە. بەهۆی نەبوونی دەستور و دامەزراوەی بەهێزی نیشتمانی وەکو سیستمی دادوەری و هێزی سەپاندنی یاسا کە تەواو  نیشتمانی وسەربەخۆ و لە ژێر کۆنتڕۆلی حزبە سیاسییەکان نەبن ،سنورێک بۆ گوتار و کرداری کەسی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە.
 بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتمان پێناسەی فەرمیان بۆ نەکراوە . دامەزراوە فەرمییەکان وەکو پێویست ڕێزیان لێ نەگیراوە و بە ئەنقەست هەوڵ دراوە بێ کاریگەر و بێ بەها بکرێن.
لە نەبوونی دەستور و لەبەر گرنگی و پێویستیش بێت لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیووە بە لایەنی کەمەوە پەیماننامەی  نیشتمانی (شەڕەف) لەگەڵ یەکتری واژوو بکەن و  لە پرسە نیشتمانییەکانی هەرێم پێوەی پابەند بن . 

لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە ئەوهێلە سورە نیشتمانییە کە دەبێت دیاری بکرێت و یاریکەرە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نابێت بیبەزێنن دیار و ڕوون نیە ، هەر کەس و لایەنێک بە حەز و ویستی خۆی ئەوەی بیەوێت دەیکات و هەر ڕۆژە و بە جۆرێک لەسەر پرسە نیشتمانییەکان دەدوێت .
لیرەدا لەو بارودۆخە دژوارەدا ڕۆڵی سەرکردەو کاراکتەرە بە ئەزموونەکانی کایەیی حزبی وسیاسی دێتەگۆڕێ،  ئاخۆ دەتوانن هەموولایەنەکان لەسەر مێزێک بۆگفتوگۆی ڕاشکاوانە و بەرپرسیارانە کۆببنەوە ، گەر دڵسۆز وخەمخۆری ڕاستەقینەی خەڵکی قوڕبانیدەرو  خۆڕاگری هەرێمی کوردستان بن دەتوانن ئەم ڕۆڵە مەزن ومێژووییە بگێڕن. 
هەرێم لەئێستادا پێویستی بە کەسایەتی سیاسی و  یاسایی و ئابوری زاناو لێهاتوو و دڵسۆز  و بەئەزموون هەیە، تاکو دوور لە بەرژەوەندی تەسکی کەسی وحزبی چارەسەر بۆ گرفت وقەیرانەکان بدۆزنەوە و کوردستان و کوردستانیان لە ئەگەری هەر مەترسیەک بپارێزن.

بەناردنی پەیام و وەڵام وەڵامکاری بۆ یەکتری ، نەک هەر  گرفتەکان چارەسەر نابن ، بەڵکو  کێشەکان قوڵتر و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و سەنگ وپێگەمان لای هاوبەشەکانمان لەئاستی عێڕاق و لای دراوسێکان و وڵاتانی دەرەوە لاواز دەبێت . لە ناوەخۆشدا ئاستی متمانەی هاووڵاتیان بەنیاز پاکی و دڵسۆزی و توانای  هێزە سیاسییەکان و بەرپرسانی باڵای هەرێم  بۆ چارەسەری گرفتەکان لاوازو لاوازتر دەبێت.

بۆیە لەم قۆناغەدا  وەکو بەرپرسیاریەتی مێژوویی ، ئەرکی مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی بەرەی کوردستانی لە ڕاپەرینی بەهاری ١٩٩١ و یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێم ،ئێساتش وەکو سەرۆکی گەورەترین حزبی سیاسی لە هەرێم لە هەموان قورسترە . بە ئەگەری زۆر هەندێ لە سەرکردەو کەسایەتی سیاسی ناو هێزو پارتی سیاسی کوردستان چاوەڕوانی دەسپێشخەری و کاری گەورەی لێ دەکەن ، بۆئەوەی هەموان لە شاری هەولێری پایتەخت کۆ بکاتەوە و چوارچێوەیەک بۆ کاری هاوبەش بۆ دەرباز بون لەو قۆناغە دیاری بکەن، دڵنیام بۆ یەکگرتووی لە پێناو خەلک و نیشتمان گەلی کوردستان لەگەڵیان دەبن و لەگەڵیان شان دەدەنە بەر سەختییەکان و بەسەریدا زاڵ دەبین.
  قۆناغی ئەمڕۆمان لە دۆخی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش سەخترە . وەکو چۆن سەرۆک بارزانی خۆی سەرکردایەتی شەڕی داعشی گرتە ئەستۆ  و لەگەڵ پێشمەرگەکان کوردستانی لەتیرۆریستانیان پاراست ،جارێکی دیکە زۆر لە دڵسۆزان و خەمخۆرانی گەل و نیشتمان چاوەڕوانن بەو ئەرکە هەلبستێت. بەڵام بەر لەهەر هەنگاوێک پێویستە هەموو لایەنەکان ئیتر ڕێگە نەدەن کەسانێک بەگوتاری زبرو نابەرپرسانە یان بە مەدح و سەنای بێ مانا لەمیدیاو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دۆخەکە ئاڵۆز بکەن.

ئەرکی کەسە مەزنەکان ئەوەیە کە بتوانن یەکگرتوویی دروست بکەن و میللەت  لە نەهامەتی و هەڕەشەکان بپارێزێن.

بەپێجەوانەوە ، بەردەوامی ئەم دۆخە و ئەو پەرتەوازەییە  و هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەگەڕاندنەوەی متمانە و باشتر نەکردنی ژیانی خەلک، کوردستان بەرەو لەت بوون یان لە ناو چونی ناوەخۆی دەبات. بە تایبەت کە هەرێم لەدۆخێکی ئابوری زۆر خراپ دایە هەروەها هەڵبژاردنێکی جیاوازتری لە پێشە.

لە ئێستادا کوردستان پێویستی بەو کاراکتەرە سیاسییانە هەیە، کە لە پێناو پاراستنی هەرێم و ژیانی هاوولاتییان تەنانەت ئامادە بن پێشمەرگە ئاسا بەرەو مەرگی سیاسی هەنوکەیی خۆیان بچن، بەڵام یاد و کاری گەورەیان لە هزر و مێژووی گەلەکەیان هەر دەمێنێتەوە.



PM:09:04:23/03/2024