هەڤاڵ ئەبوبەکر لە لەندەنەوە: بەبارمتەگرتنی مووچەی هەرێم لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوەندەوەیە

‌د. هەڤاڵ ئەبوبەکر لە لەندەنەوە
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی کە ئێستا لە لەندەنە لە پەیامێکدا دەڵێت " بە بارمتەگرتنی خەڵک و خاک و ژیان و کارو بژێویی و موچەو بوجەی خەڵکی کوردستان، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ناوەندو بە کەمتەرخەمیی و سەرکەشیی و بێباکیی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بە دەستتوەردانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی".

لەو پەیامەدا کە ئەمڕۆ یەک شەممە بڵاویکردەوە، د. هەڤاڵ دەڵێت " ئەو بەبارمتەگرتنە تەواوکردنی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان و زیادکردنی ئیکۆسایدو ئیکۆنۆمیکساید و بایۆسایدە بۆ پرۆسەی پاکتاوکردنی ڕەسەنترین دانیشتووانی سەر ئەم زەمینەو, لە باربردنی ئارامیی دەرونیی تاک و ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و سەقامگیریی گشتییە."

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر کە ئێستا لەلەندەنە لە درێژەی پۆستەکەیدا دەشلێت " چارەسەرنەکردنی کێشەو قەیرانە قوڵەکانی دارایی و ئابوریی لە دە ساڵی ڕابردوداو بە ئێستاشەوە، گەورەترین زیانی بە خەڵکی کوردستان و دامودەزگاکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان گەیاندووە، پاشەکەوت و لێبڕین و کەمکردنەوەو خەرجنەکردنی موچە لە ڕۆژژمێری مانگانەی خۆیدا؛ پابەندیی کارگێڕیی ناهێڵێت و بایکۆتی ناچاریی دەهێنێتەکایەوەو ڕاژەو خزمەتگوزارییەکان پەکدەخات و مانایەک بۆ دامەزراوە حکومییەکان ناهێڵێتەوەو زیانی گەورەیش لە کەرتی تایبەت دەدات، پەیوەندیی و متمانەی نەک تەنها خەڵک بە حکومەت ناهێڵێت، بەڵکو پابەندیی و پەیوەندیی و متمانەی فەرمانبەرانیش بە خودی حکومەت لەبەیندەبات، شیرازەی خێزان دەپچڕێنێت و مانا بۆ هیچ شتێک ناهێڵێتەوە".

پارێزگاری سلێمانی بیری دەسەڵاتداران دەهێنێتەوە و ئامۆژگاریان دەکات و دەڵێت " پێمانوتن داهات و دارایی و موچەو بوجە تێکەڵی ململانێ سیاسییەکانتان مەکەن؛ نەتانبیست، ئێستا کە تێکەڵتان کردووە؛ دەبێت ئیرادەو توانستی ئەوەتان هەبێت کە بە خێرایی لە ڕووی سیاسییەوە چارەسەری بکەن."

"دەست لە قۆرخکردنی داهاتی گشتیی هەڵبگرن و دەستبەدابەشکردنی موچەو بوجە خزمەتگوزارییەکان بکەنەوەو کۆتایی بە بەتاڵکردنی کاسەی ماڵان و بەتاڵانبردنی داهات و سامانی گشتیی بێنن، بۆ ئەوەی مانایەک بۆ حوکمڕانیی و ئاشتیی و ئاسایش و ئابوریی و ئاوەدانیی؛ بگەڕێتەوە.

‎پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دور لە خواست و ئەجێنداو ململانێی هەموو حیزبەکان؛ دارایی دارای خۆی ڕێکبکاتەوەو، بچێتە بەغداو بچێتە شوێنەکانی ترو شەڕی داوا ڕەواکانی خەڵک بکات و، خۆی لە قوڵکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان؛ دوربخاتەوە".( لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەیڵێت).



PM:03:43:24/03/2024