حزبێكی هەرێم پاڵپشتی خۆی بۆ بایكۆتی فەرمانبەران ڕاگەیاند

هاوپەیمانی نیشتمانی كوردستان پاڵپشتی لە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەکات و دەڵێت" پشتیوانی تەواو لە مووچەخۆرانی هەرێم دەكەین و بڕیاردانیان لە بایكۆتكردن بەرزدەنرخێنین". 

شاتین قەرەداغی وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاگەیەنراوێكدا کە ئاراستەی فەرمانبەران و مامۆستایانی نارازی کراوە، دەڵێت" دوای ٣٢ ساڵ لە ژێر سێبەری حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان دەبینین كە مووچەخۆران مووچەكانیان كراونەتە بارمتە و دوای چەندین مانگ دواكەوتنیش هێشتا مووچەیان پێ نادرێت، ئەمەش نیشانەیەكی ڕوونی دۆڕان و دۆشداماوی و داڕمانی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمە كە ماوەی بەسەرچووە". 

دەشڵێت" ئەو پاساو و چەواشانەش كە دەوترێت ناتوانین مووچە بدەین یان پارە و هەموو پاساوەكانی دیكە، تەنیا و تەنیا خۆگێلكردن و خۆڵكردنە چاوی خەڵكە و هیچی ڕاست نییە، حكومەتی كاربەڕێكەر زۆر بە ئاسانی ئەتوانێت مووچەی سەرجەم مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم بە زیادیشەوە دابین بكەن، كەچی هێشتا قووتی خەڵكیان بە بارمتە گرتووە و ململانێی سیاسی خۆیانی پێوە دەكەن". 

ڕاشیگەیاندووە" پشتیوانی تەواو لە مووچەخۆرانی هەرێم دەكەین و بڕیاردانیان لە بایكۆتكردن بەرز دەنرخێنین، حكومڕانی لە هەرێم ناتوانێت وەك پێویست خزمەت بە هاوڵاتیانی بكات، وەكەسانێكی شیاو لە شوێنی شیاودا نین تا بتوانن ببنە خزمەتكاری خەڵك، ببنە بەرپرس و كاربەدەست تاوەك و چی تر خەڵكی هەرێمی كوردستان نەكرێنە قوربانی و ماف و ئەركیان پارێزراو بێت". 

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ فەرمانبەرانی كارەبای سلێمانی، بانكە حكومیەكان، دادگای سلێمانی، کارتی نیشتمانی، کارمەندانی کەرتی تەندروستی لە نەخۆشخانەی شار و بەشێک لە مەڵبەندەکان لەگەڵ کارمەندانی نەخۆشخانەی گشتی کەلار، دژی دواکەوتنی مووچەکانیان بایکۆتی کارکردنیان ڕاگەیاند. 


PM:08:03:24/03/2024