کەشناسێک وادەی کۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارین و بەفری ڕاگەیاند

شارەزایەكی بواری كەشناسی ڕایدەگەیەنێت" سبەینێ سێشەممە شەپۆلێكی نوێی لاواز بۆ مامناوەندی بارانبارین ناوچە جیاجیاكانی سنوری پارێزگای دھۆك و ھەولێر و ئیدارەی راپەرین دەگرێتەوە"، دەشڵێت" لە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەشەوە تا ناوەراستی ھەفتەی داھاتوو كەشی ناوچەکان سەقامگیر دەبێت و پلەكانی گەرماش بەرزدەبنەوە". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ئەنجامی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی توركیا و ھاتنی بارستە ھەوایەكی سارد سبەینێ سێشەممە ٢٦ی ئازاری ٢٠٢٤ لە كاتەكانی نیوەرۆ بە دواوە شەپۆلێكی نوێی لاواز بۆ مامناوەندی بارانبارین ناوچە جیاجیاكانی سنوری پارێزگای دھۆك و ھەولێر و ئیدارەی راپەرین دەگرێتەوە، بە تایبەت لە ناوچە شاخاویەكانی سنورەكەدا رێژەی بارانبارین زیاتر دەبێت، لەگەڵ نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەكانی گەرما لە ناوچە شاخاویەكانی ھەولێر و دھۆك بەرێژەی (٤ تا ٥) بەراورد بە ئەمڕۆ و بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكاندا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، كاریگەری ئەو شەپۆلە لە كاتەكانی سبەی شەو ناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و كەركوك و باكوری گەرمیان بەلاوازی دەگرێتەوە و تەنھا ئەگەری نمە بارانی پچر پچر و ھەندێ شوێنێش بارانێكی كورت خایانی مامناوەند دەبێت، پلەكانی گەرماش لەو ناوچانەدا بەراورد بە ئەمڕۆ (١ تا ٢) پلە بەرزدەبنەوە، خێرای با مامناوەند چالاك دەبێت (١٠ - ٢٥)كم دەبێت بە ئاراستەی باشوری رۆژئاوا. 

ئەوەشی خستەڕوو، كاریگەری ئەو شەپۆلە كورت خایان دەبێت و بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٤ كۆتای پێدێت ھەر لە رۆژی چوارشەممەوە تا ناوەراستی ھەفتەی داھاتوو كەشی تەواوی ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان سەقامگیر دەبێت و پلەكانی گەرما پلە پلە رۆژانە بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێتەوە.


PM:08:34:25/03/2024