مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە سبەی بڕیارێک لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی کوردستان دەددەن و وتی" پیلان هەیە بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان نەمێنێت".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ( ماوەبۆدریژکراوەی) هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لە مزگەوتێکی هەولێر لەبارەی گرفتی مووچەوە رایگەیاند" ئەوەی لە توانای ئێمەدا بێت دەیکەین تاوەکو بگەینە ئەنجامێک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و هەموو عێراق بێت".
سەرۆکی حکومەتی هۆشداری دا و وتی" پیلان هەیە بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان نەمێنێت".
لە درێژەی قسەکانی دا ئاماژەی بەوەدا کە واز لە مافی دەستووری خۆمان ناهێنین، و دەڵێت" خوا و خەڵکی هەرێمی کوردستانمان لەگەڵ بێت منەتی کەس نازانین و سبەی بڕیارێک لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی کوردستان دەدەین".
مەسرور بارزانی پەیامێکی بۆ حیزبە کوردییەکانیش نارد و رایگەیاند" داوایەکی برایانەم لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە، با واز لە بەرژەوەندی کەسی و حیزبی خۆمان بهێنین، لایەنێک بەسەر لایەنێکدا سەربکەوێت دەسکەوت نییە، ئەوکاتە دەسکەوتمان هەیە کە بتوانین مافە دەستوورییەکانمان بپارێزین".