"فشار لەسەر دادگایکردنی ڕۆژنامەنووسێک دەکرێت"

سەنتەری میترۆ ڕایدەگەیەنێت" ئەو داوا یاساییەی لەسەر رۆژنامەنووس (دڵشاد ئەنوەر دەرچووە) جۆرێك لە فشار هەیە بۆ كاتی تێهەڵچوونەوەی (ئیستئناف) كەیسەكە".

سەنتەری میترۆ دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" پاش دەرچوونی بڕیاری دادگای بەرایی كەلار بە رەتكردنەوەی ئەو داوا یاساییەی لەسەر رۆژنامەنووس دڵشاد ئەنوەر دەرچووە، جۆرێك لە فشار هەیە بۆ كاتی تێهەڵچوونەوەی (ئیستئناف) كەیسەكە". 

دەشڵێت" داوا یاساییەكە بەهۆی بڵاوبوونەوەی راپۆرتێك بوو لە ژمارە ٧ی ئازاری ٢٠١٣ی  گۆڤاری رایەڵ  بەناونیشانی (عەدنانی حەمەی مینا دەیەوێت بینایەكی گەورە لەسەر ئەو موڵكە دروستبكات كە داگیری كردوە)، دادگاكە بە سەرۆكایەتی دادوەر (گۆران محمد عەلی) بۆ دۆسییەی رۆژنامەنوس دڵشاد ئەنوەر كە (عەدنان محمد قادر) داوای لەسەر تۆماركردبوو، داوای قەرەبووی ٢٥٠ ملیۆن دیناری كردووە". 

ئەوەش هاتووە" پاش چەندین دانیشتن، وەرگرتنی قسەی دوو شاهێدحاڵ كە موڵكەكانیان داگیركرابوو زانیارییەكانی ناو راپۆرتەكەیان پشتڕاستكردەوە بۆ بەرژەوەندی رۆژنامەنوسەكە، رێكەوتی ٥ی شوبات ٢٠٢٤ دادوەر ئەو سكاڵایەیە یاساییەی رەتكردەوە و تێچووی داوەكەش خرایە سەر شكاتكەر كە بڕەكەی یەك ملیۆن دینار بوو، هەروەها پێشوازی لە بڕیاری دادگای بەرایی كەلار دەكەین بۆ بەرژەوەندی رۆژنامەنووس (دڵشاد ئەنوەر) و هەموو فشارو دەستێوەردانێك بۆ كاتی تێهەڵچوونەوە(ئیستئناف) رەتكەكاتەوە". 

میترۆ دەسەڵاتی دادوەری و دادگای كەركوك/ گەرمیان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی و داوا دەكات رێگری لەو دەستێوەردانە لە دۆسییەیەكە بكات كە دادگا پێشتر بڕیارێكی دروستی داوە و بێلایەنانە دۆسیەكەی یەكلایكردۆتەوە.


PM:02:58:28/03/2024