هەولێر.. هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی سەبەتە خۆراکی مانگی رەمەزان دەکرێت

بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر رایگەیاند" هاتنی خۆراک لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێکی نییە، و لە هەولێر دەست بە دابەشکردنی سەبەتە خۆراکی مانگی رەمەزان دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٤، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر رایگەیاند" هاتنی خۆراک لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێکی نییە، و سەبەتە خۆراکی مانگی رەمەزان هەمووی گەیشتووە، لە ناوچە دوورەکان دەستکراوە بە دابەشکردنی و هەفتەی داهاتوو لە ناو هەولێریش دابەشی دەکەین".

باسی لەوەشکرد، لە ناوچە دوورەکان دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە (دووەم بەشەخۆراک)  لە کۆیە، سۆران، بالیسان، تەقتەق، چۆمان دابەشکراوە. 
 
لەبارەی دابەشکردنی دووەم بەشەخۆراک لە هەولێر، دلێر عەبدولواحید وتی" لەناو شاری هەولێریش دەستکراوە بە دابەشکردنی خۆراک و نزیکەی ٧٠٪ی بەشەخۆراک دابەشکراوە و ٣٠٪ ماوە، بەشێوەی رۆژانە دابەش دەکرێت".
 
بەشە خۆراکی مانگانە لە حەوت مادە پێکدێت کە بریتین لە ئارد، برنج، شەکر، رۆنی شل، دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەکان، پێشتر وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە لیدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە " سێ مادەی دیکە زیاد دەکرێن کە بریتین لە ماکەرۆنی، نیشاستە و ئاردی سفر. هەروەها بۆ ئەو خێزانانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، جگە لە ١١ مادەی خۆراک، چا و شیر و بڕێکی زیاتریش لە رۆنی شل و شەکریان پێدەدرێت. هاووڵاتی تەنیا ٥٠٠ دینار بۆ هەر ئەندامێکی خێزان بە بریکاری خۆراک دەدات".



PM:06:47:28/03/2024