ئێران.. ١١ چالاکی بواری مافەکانی ژنان سەرجەم بە ٦٠ ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێن

لانی کەم کەم ١١ چالاکی بواری مافەکانی ژنان لە پارێزگای گیلان لەلایەن دادگای شۆڕشی ڕەشت، ناوەندی پارێزگای گیلان سەرجەم بە ٦٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردن سزا دران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ٨ کەس لەو چالاکوانانەی ژنان  کە هەموویان خەڵکی شاری ڕەشتن هەر کامیان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات" بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران سزا درون و هەروەها سەبارەت بە "ئەندامییەت لە گرووپە نایاساییەکان" بە ٢ ساڵ و ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران سزا دران کە بە گشتی هەر کامیان بە ٦ ساڵ و ١ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکران سزادراون.

هەنگاو ئاماژەی بەوەشداوە کە چالاکوانێکی تر بە تۆمەتی "درووستکردنی گرووپە نایاساییەکان بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" بە ٦ ساڵ و ١ ڕۆژ و سەبارەت بە "پڕوپاگەندە بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات" بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران سزا درا کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان قورسترین سزای ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.

جەختی لەوەشکردووەتەوە کە دوو تۆمەتباری دیکەی ئەم دۆسیە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" هەر یەکە بە ١ ساڵ بەندکران سزا دراون.



PM:07:26:28/03/2024