ڕاوێژکارێکی سودانی: نرخی دۆلار زیاتر دادەبەزێت

ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا دابەزینی زیاتری بەهای دۆلاری بەرامبەر دینار ئاشکراکرد.

فادی ئەلشەمەری، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، پێشبینی دەکات بەهای دۆلاری ئەمریکی ڕوو لە دابەزینی زیاتر بکات بەرامبەر دیناری عێراقی.

فادی ئەلشەمەری لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند" نرخی دۆلار زیاتر دادەبەزێت، بەگوێرەی خواست و خستنەڕووی بازاڕ".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ٧٠%ی بازرگانانی عێراق مامەڵە لەگەڵ پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکاندا دەکەن، لەکاتێکدا بەراورد بە پێشتر ڕێژەکەی ١٠% بەرزبووەتەوە.

پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی بانکی ناوەندی عێراقەوە ئاشکرای کردبوو کە بازرگانان زیاتر ئارەزووی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی دەکەن بۆ فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی (١٣٢٠ دینار)، هەروەها کارکردن بەشێوەیەکی ڕێکوپێک، بەو پێیەی حەواڵەی بازرگانی دەرەکی بۆ ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو تەنها ٥٠ ملیۆن دۆلار بوو.

هاوکات ماوەی چەند ڕۆژێک دەبێت بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراقی ڕووی لە دابەزین کردووە، لە مانگی ڕابردوودا ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە نزیکەیی لە دەوری ١٥٢ هەزاردا مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام لە سەرەتای ئەم هەفەتەیدا پاش ماوەیەکی زۆر بۆ یەکەمجار تا ١٤٦ هەزار و ٥٠٠ دینار دابەزی.


AM:12:15:29/03/2024