دارایی عێراق لەسەر مووچە "دڵنیایی" دەداتە فەرمانبەران

سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق " دڵنیایی" دەداتە فەرمانبەران لەبارەی پارەی مووچە و ئەندامێكی كوردی لیژنەكەش دەڵێت" دیوانی چاودێریی دارایی عێراق وردبینی لە كۆدی وەزیفی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان دەكات".

عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە" خشتەكانی بودجەی ٢٠٢٤ تەواو بوون و بەم زووانە دەگەنە پەرلەمان بۆ گفتوگۆ و پەسەند كردنیان".

ڕاشیگەیاندووە" لە بودجەی ئەمساڵدا هیچ كێشەیەك بۆ مووچە نابێت و تەواوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی زامن كراوە".

دەشڵێت" دڵنیایی دەدەینە فەرمانبەران، كە هیچ كێشەیەكی دارایی لە عێراقدا بوونی نییە".

لای خۆشیەوە، د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە" پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لەبری لیستی ناو، کۆدی وەزیفییان نێردراوە بۆ بەغدا".

ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای تەواوبوونی وردبینی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.


PM:01:49:29/03/2024