لەیلا زانا داوای یەكڕیزی و تەبایی گەلی كورد دەكات

لەیلا زانا، خانمە سیاسەتمەداری باكووری كوردستان ڕایدەگەیەنێت" ئەگەر یەکگرتوو نەبین پشتگوێ دەخرێین و خاوەن هێزەکان فەرامۆشمان دەکەن".

لەیلا زانا، خانمە سیاسەتمەداری ناوداری كورد لە گردبوونەوەی جەماوەریی ئەندامان و لایەنگرانی (دەم پارتی) لە شاری بەدلیسی باكووری كوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا و باكووری كوردستاندا ڕایگەیاند" دەسەڵات لە رێگەی پرۆپاگەندەوە دەیەوێت پەرش و بڵاوتان بكات. پێویستە كورد یەكگرتووی بێت، هێزەكانی رێكبخات و لەژێر چەترێكدا كۆببێتەوە. ئەگەر یەكگرتوو نەبین، بەهێز نابین و پشتگوێ دەخرێین و خاوەن هێزەكان فەرامۆشمان دەكەن. بەپێچەوانەوە هەر چەندە یەكگرتوو و بەهێز بین، هێندەی دیكە حیسابمان بۆ دەكرێت و گوێیان بۆ داواكارییەكانمان شل دەكەن".

ڕاشیگەیاند" ئەگەر دەتانەوێت كۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن، ئەگەر دەتانەوێت دەرگەی زیندانەكان بە رووی زیندانیكراوەكانمان بكرێتەوە، ئەگەر چاوتان لە خۆشگوزەرانی و ئارامی بێت، ئەگەر دەتانەوێت ئایندەیەكی گەش بۆ نەوەكانتان فەراهەم بكەن، پێویستە وەك یەك گیان یەكگرتوو و بەهێز بین".

وتیشی" ئەگەر لەم قۆناغەدا كورد خاوەنی هەر جۆرە دەستكەوتێك بێت تەنیا لە سایەی سیاسەتی خۆیانەوە هاتووەتەدی و كەس هاوكاری نەكردوون و لە داهاتووشدا تەنیا پشت بەخۆیان دەبەستن و سڵ لە خەبات و بەرخۆدان ناكەنەوە".

جەختیشی كردەوە" ئێمە دەمانەوێت توركیا و كوردستان بە تەبایی و برایەتیی بژین، پێویستمان بە یەكدی هەیە، بەڵام ئەگەر كورد خاوەنداری دۆزی خۆی نەكات، كەس دەستی ناگرێت، بۆیە كاتی هاتووە لە سندووقەكانی دەنگدان هێز و سەنگی خۆمان بپارێزین'.


PM:03:39:29/03/2024