هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە چەند پرسیار و وەڵامێکدا


ئامادەکردنی : ئارام جەمال

• ئەم باسە لە دووتوێی پرسیارنامەیەکدایە، کە وەڵامی ٢٥ پرسیار دەداتەوە و تیشکدەخاتە سەر رەهەندی هونەریی و لۆجستی و یاسایی و سیاسی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا.

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی (2024-03-31) بیستەمین خولی هەڵبژاردن بۆ شارەوانییەکانی تورکیا ئەنجام دەدرێت، کە تێیدا 61,441,882 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و 36  پارتی سیاسی کێبڕکێ دەکەن لەسەر بردنەوەی سەرۆکی (30) گەورە شارەوانی و سەرۆکی شارەوانی (51) پارێزگا و سەرۆکی شارەوانی (1393) قەزا و (53) هەزار موختاری گوند و گەڕەک و ئەندامی ئەنجومەنی پیران.

سیستمی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دوو جۆرە: بۆ گۆڕینی دەنگی لیستی پارتە سیاسییەکان بۆ کورسیی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی شارەوانی قەزاکان، سیستمی هەڵبژاردنی (لیستی داخراوی نوێنەرایەتی رێژەیی/ شێوازی هۆندت) پیادە دەکرێت، ئەویش بە دابەشکردنی ژمارەی دەنگەکانی هەر حزبێک بەسەر ژمارەکانی (1، 2، 3، 4، 5، 6، 7… هتد). لە کاتێکدا بردنەوەی کورسییەکەی سەرۆکی گەورە شارەوانی و سەرۆکی شارەوانی پارێزگا و سەرۆکی شارەوانی قەزا و موختارەکان بە سیستمی هەڵبژاردنی زۆرینەی براوەی یەکەم دەبێت.

هەڵمەتی هەڵبژاردن لە رۆژی 1ی 1ی هەموو پێنجەمین ساڵی رۆژمێری هەڵبژارنەوە دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت هەتا سەعات (6)ی ئێوارەی رۆژی شەممە رێکەوتی 30 مارتی 2024 ، لەوێوە بانگەشەی هەڵبژاردن رادەوەستێت و متبوونی هەڵبژاردن لە 32 پارێزگای باکوری کوردستان و ناوەڕاستی تورکیادا دوانزە سەعاتە لەبەرئەوەی پرۆسەی دەنگدان بەهۆی زوو خۆرئاوابوونەوە لە کاژێر (7)ی بەیانییەوە دەستپیدەکات هەتا (4)ی عەسر بەڵام هەڵمەتی هەڵبژاردن لە 49 ولایەتی ناوەڕاست و رۆژئاوای تورکیادا لە كاژێر (8)ی بەیانییەوە دەستپێدەكات بۆ (5)ی عەسر و دوای ئەوە راستەوخۆ دەست بە جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان دەکرێت و لە کاژێر (11:59)ی هەمان رۆژدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە رادەگەیەنرێت.

ئەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە خیادەکاتەوە ئەوەیە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بەربەستی هەڵبژاردن لە بەردەم ئەو حزبانەدا نییە کە بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا دەکەن، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیادا رێژەی بەربەستی (7%) لە بەردەم حزب و هاوپەیمانێتییە بەشداربووەکاندا هەیە. هاوکات لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا تەنها دەنگدەرانی ناوخۆی تورکیا مافی ئەوەیان هەیە بەشداری لەم هەڵبژاردنە خۆجێیەدا بکەن و دەنگدەرانی دەرەوەی تورکیا ئەو مافەیان پێنەدراوە دەنگ بدەن.

لەم هەڵبژاردنەی شارەوانییەکانی تورکیادا هاوپەیمانێتی نێوان حزبەکان پاشەکشەی کردووە بە بەڵگەی ئەوەی تەنها "هاوپەیمانێتی گەل” هەیە، کە لە نێوان پارتی داد و گەشەپیدان (AKP) بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (MHP) بە سەرۆکایەتی دەولەت باخچەلیدا هەیە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی مایۆی 2023ی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیادا پێنج هاوپەیمانێتی فراوان هەبوون، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا تەنانەت هاوپەیمانێتی گەلیش وەک پێشتر نەماوەتەوە و چەند پارتێکی لێبۆتەوە لە سەروویانەوە پارتی رەفاهی نوێیە، کە فاتیح ئەربەکانی کوڕی نەجمەدین ئەربەکان سەرۆکایەتی دەکات و رکەبەری سەختی ئەکەپەیە.
گرنگە ئاماژە بەوە بدرێت کە کۆتای ژنان لە هیچکام لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی و پەرلەمانی تورکیادا بوونی نییە، هاوکات شتێک نییە بەناوی تەرخانکردنی کورسی کۆتا بۆ پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاکان و تەنانەت رێگە نادرێت بە پارتە سیاسییەکانی سەر بەو پێکهاتانە ناسنامە و سیمبوڵی نەتەوەیی و ئایینی بە پاشگری ناوەکانیشیانەوە هەبێت.

لەگەڵ ئەوەی سەرباز و عەسکەر لە زیهنیەتی هاوڵاتیان و دەوڵەتدارانی تورکدا جێگەیەکی سەرتۆپی هەیە بەڵام دەنگدانی تایبەت لە هیچکام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و پەرلەمانی تورکیادا پیادەناکرێت و رۆژی تایبەتیان بۆ جیانەکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە و بێگەردی هەڵبژاردنە گشتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە ئەوەیە کە ئەو هێزانەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆن یان ئەو سەربازانەی بۆ بەجێگەیاندنی ئەرک و فەرمانەکانیان بە خاوو خێزانەوە گوێزراونەتەوە بۆ پاریزگاکانی دیکە، بە تایبەتی بۆ باکوری کوردستان، ئەوانە لە رۆژی دەنگداندا لەوێ دەنگدەدەن و دەنگەکانیشیان لە سنوری ئەو بازنەی هەڵبژاردنەدا بۆ هەژمار دەکرێت، کە دەنگیان تێدا داوە نەک بۆ ئەو بازنەی هەڵبژاردنە بگەڕێتەوە کە تێیدا نیشتەجێن، دیارە ئەمەش رێژەیەک کاریگەری دادەنێت لەسەر ئەنجامی دەنگ و کورسی لە ناوچە کوردییەکاندا.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە کۆماری تورکیادا مێژوویەکی درێژی هەیە و لە ساڵی 1930دا یەکەمین خولی هەڵبژاردن بۆ شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە ئەنجامدراوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا، کە بیستەمین خولە، تەنها دووجار هەڵبژاردنی شارەوانییەکان تورکیا دواکەوتووە، یەکەمیان بەهۆی کودەتای ساڵی (1960)وە بووە، کە بەهۆیەوە هەڵبژاردنەکە  3 ساڵ دواکەوتووە و دووەمجاریش بەهۆی کودەتا سەربازییەکەی ساڵی (1980)ی کەنعان ئیڤرینەوە 2 ساڵ دواکەوتووە.

کورد دوای تێپەڕبوونی 69 ساڵ و پانزە خول بەسەر ئەنجامدانی یەکەمین خولی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا، توانی ساڵی  1999 بۆ یەکەمین جار لە ژێر ناوی (پارتی گەلی دیموکراتی -HADEP )دا بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتەدا بکات و تێیدا 37 شارەوانی و لە نێویاندا 7 سەرۆک شارەوانی لە ناوچە کوردییەکاندا بباتەوە. پارتی گەلی دیموکراتی، کە ساڵی 1994 دامەزراوە، لە دوای داخستنی هەریەک لە (پارتی رەنجی گەل- HEP) و (پارتی ئازادی و دیموکراتی -OZDEP) و (پارتی دیموکراتی- DEP)یەوە دێت لەلایەن دادگای دەستووری ئەو وڵاتەوە.

یاسای قەیوم بە دەنگی زۆرینەی ئەندام پەرلەمانەکانی هەردوو پارتی ئەکەپە و مەهەپە و مانگێک دوای کودەتاکەی رۆژی 15ی حوزەیرانی 2016 و لە سەروبەندی راگەیاندنی باری نائاساییدا دەرچوێندرا. لە ماوەی دوو ساڵی راگەیاندنی باری نائاساییدا و پاڵپشت بە یاسای قەیوم لە کۆی 102 سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوی سەر بە پارتی ئاشتی و دیموکراسی BDP -پارتی دیموکراتی گەلان ( HDP 94) سەرۆکشارەوانیان دورخرانەوە و ژمارەیەکیشیان دەستگیرکران، وەک گەورە سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی ئامەد و وان و ماردین و هەمان رۆژ کاربەدەستانی تر وەک نوێنەری دەوڵەت لە جێگەیان دانران.

• ئارام جەمال توێژەر و شارەزای هەڵبژاردن ئەم پرسیارنامەیەی وەک بڵاوکراوەیەکی پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن ئامادەکردووە…



PM:09:17:29/03/2024