دادگای فیدراڵی بۆ دوو سکاڵای تایبەت بە هەرێم کۆدەبێتەوە

سبەینێ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی دوو سکاڵای تایبەت بە دۆسییەی ئاوارەکان و ناردنی سووتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان، کۆدەبێتەوە.

بە گوێرەی کارنامەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، سبەینێ ٣١ی ئازار، دادگای فیدراڵی، چوار سکاڵا کە دوانیان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە یەکلایی دەکاتەوە.

سکاڵای یەکەم، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەسەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان تۆماریکردووە و داوایکردووە، سکاڵا لەسەرکراوەکان پابەند بکات بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و داخستنی کەمپەکانیان لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.

سکاڵای دووەم، نەهرۆ مەحمود قادر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق تۆماریکردووە و داوایکردووە، بڕیار لە نادروستی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بدات لەبارەی دیاریکردنی نرخی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان و سکاڵا لەسەرکراوان پابەند بکات بە جێبەجێبەجێکردنی بنەمای دادپەروەری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان و سوتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق.


AM:11:54:30/03/2024