شاسوار عەبدولواحید: گەر هەڵبژاردن دوا بکەوێت لە ٤٩% ی تری هەرێمیش لە دەستدەدەین

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند " گەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت لە ٤٩% کەی تری هەرێمیس لە دەستدەدەین ".

ئەمشەو ٣٠ ی ئازار شاسوار عەبدولواحید سەرۆک جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیاندنێکی لەبارەی هەڵبژاردنەوە بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە " وەک چۆن پێشتر کاتی ریفراندۆم رامانگەیاند ریفراندۆم زەرەر لە کورد دەدات و بەهۆیەوە ٥١% ی خاکی کوردستانمان لە دەستدا، ئەوا ئەم جارە دەڵیم کە ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت ئەوا ٤٩% کەی تریش لە دەست دەدەین و دۆخی خەڵکی کوردستان خراپتر دەبێت، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە کە من ئەمرۆ لێرەوە رایدەگەێنم و دەمەوێت بۆ میژوو بمێنێتەوە، کێ وای لە کورد و خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد، تەنها لەپێناو هەندێک بەرژەوەندی حیزبی و لەدەستدانی چەند کورسییەکی تەزویر".

لەو راگەیاندنەدا سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت " دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شەش ساڵ لەمەوبەر بەڕێوەچوو. ئەگەر هەڵبژاردن لە مانگی حوزەیران ئەنجام نەدرێت، نەک هەر بێڕێزی بە خەڵک و دیموکراسی دەکات بەڵکو دژایەتی بوونی دامەزراوەیە و لەمەولا هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی و عێراقی مامەڵە لەگەڵ دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان ناکەن بەهۆی نەبوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و لەدەستدانی شەرعیەتەوە".

سبەی یەک شەممە ٣١ ی ئازار دوا ساتی پێشکەشکردنی ناوی لیست و کاندیدەکانی قەوارە سیاسییەکانەو تا ئێستا پارتی بڕیاری داوە بەشداری هەڵبژاردن نەکات، هەرچەندە گفتوگۆکان بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی پارتی.



PM:11:05:30/03/2024