ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی ٤ سکاڵای تایبەت بە هەرێم تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی چوار سکاڵای تایبەت بە هەرێمی کوردستان ، لەبارەی مافی مامەڵەکردن بە ژمارەیەک پارچە زەویی، تایبەت بە زەوییەکانی داقووق، جێبەجێکردنی بڕیاری داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان، تایبەت بە نرخی نەوتی سپی ماڵان، کۆ دەبێتەوە.

بەگوێرەی خشتەی کاری دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤ دادگاکە چوار سکاڵا کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات.

 سکاڵای یەکەم لەبارەی بڕیاری نادەستووریبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوەیە بە ژمارە ٩٤٩ی ساڵی ١٩٧٧ لەبارەی مافی مامەڵەکردن بە ژمارەیەک پارچە زەوییەوە. دوایین دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو کەیسە لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ بوو. سکاڵاکە لەلایەن گوڵخاتر حەبیب، دەشتی خدر، تەحسین عەبدولقادر، سابیر عەبدوڵڵا، ئیبراهیم مەولوود و رەمزی حەمیدەوە تۆمار کراوە.
 
سکاڵای دووەم لەبارەی بڕیاری نادەستووریبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوەیە بە ژمارە ٨٢٤ی ساڵی ١٩٧٦ە کە تایبەتە بە زەوییەکانی داقووق. دوایین دانیشتنی دادگە لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ بوو.
 
هەروەها سکاڵای سێهەم، یەکەم دانیشتنی دادگای فیدراڵییە بۆ تاوتوێی سکاڵایەک کە لەلایەن وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە. لە سکاڵاکەدا داوا کراوە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ناچار بکرێن بە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە ٢٤٠٠٧ی ساڵی ٢٠٢٤ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان و داخستنی کەمپی ئاوارەکان. 

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، زیاتر لە ٣٠ هەزار خێزانی ئاوارەی پارێزگاکانی عێراق لە ٢٣ کەمپی هەرێمی کوردستاندا دەژین.
 
دوایین سکاڵاش کە دادگەکە تاوتوێی دەکات لەلایەن نەهرۆ مەحموود قادر، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق لەسەر سەرۆکوەزیران، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق تۆمار کراوە کە داوا دەکات ئەو نەوتە سپییەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بەهەمان نرخ دابەش بکرێت.
 
حکومەتی عێراق نرخی هەر لیترێک نەوتی سپی بە ١٥٠ دینار بۆ پارێزگاکانی عێراق دابین دەکات.



AM:09:53:31/03/2024