وادەی پێشکشەکردنی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردن درێژ دەکرێتەوە

بە پێی  زانیارییەکانی "سپی" چەند ڕۆژێکی دیکە بۆ وادەی پێشکشەکردنی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای یونامی درێژ دەکرێتەوە.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش لە هەولێر، تا ئەمشەو کاتژمێر ١٢ کاتی پێشکەشکردنی لیستی کاندیدەکانی درێژکردەوە.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " ئەمڕۆ دوو شەممە مەکتەبی سیاسی پارتی لە کۆبوونەوەیەکی کراوەدایە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە.

فەرهاد ئەسعەد بەڕێوەبەری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە هەولێر کاتژمێر ٢ ی پاشنیوەرۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند" کە جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، هەموو قەوارەکانی تر ناوی کاندیدەکانی پێشکەشی کۆمسیۆن کردووە".

بەڕێوەبەری کۆمسیۆنی هەولێر وتیشی" پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووەو سەردانی کۆمسیۆنیان نەکردووە بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکانیان".

هەروەها وتیشی" بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدی لیستەکان چاوەڕوانی کۆمسیۆنی باڵا لە بەغدا دەکەین ".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە تا کاتژمێر ١٢ ی شەو دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی ناوی لسیتەکان پێشەکەش بکرێت.  

فەرهاد ئەسعەد لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند " کە ئەگەر پارتی لیستی کاندیدەکان پێشکەش نەکات ئەوا هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت ".
    


PM:12:31:31/03/2024