نەوەی نوێ: دژی هەر هەوڵێکین بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

نەوەی نوێ جەختی لەوە کردووەتەوە کە دژی هەر هەولێکن کە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و دەڵێن" بە دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان زەرەرمەندی یەکەم دامەزراوە و پرۆسەی دیموکراسییەت و هەروەها خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبن".

ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەنراوێکدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند" دژی هەر هەوڵێکین بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لەئێستادا پارتی و یەکێتی لەهەوڵدان بۆ ئەوەی جارێکیتر ئەو هەڵبژاردنە دوابخەن".

نەوەی نوێ وتیشی" پێمانوایە هەڵبژاردن دەرفەتێکە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ کە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات و هاوکات گێڕانەوەی شەرعیەتیشە بۆ هەموو دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان". 

لە کۆتایی دا نەوەی نوێ ئەوەی خستووەتەڕوو کە" بە دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان زەرەرمەندی یەکەم دامەزراوە و پرۆسەی دیموکراسییەت و هەروەها خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبن و پارتیی و یەکێتیش بەرپرسن لە هەر دۆخێک کە لەداهاتوودا ڕووبەڕووی هەرێم و خەڵکەکەی ببێتەوە".



PM:02:28:01/04/2024