دوای بۆردومانکردنی کونسوڵخانەکەی له سوریا
ئێران هەڕەشە له ئیسرائیل دەکات

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمشەو دووشەممە دووپاتیکردەوە کە وڵاتەکەی مافی خۆیەتی ڕێوشوێن بگرێتەبەر بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا. 

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند" تاران جۆری وەڵامدانەوە و سزای تایبەت بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل دیاری دەکات کە کرایە سەر کونسوڵخانەکەمان لە دیمەشق و بەهۆیەوە فەرماندەیەکی باڵای سەربازی سوپای پاسداران کوژرا". 

هەروەها میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە زاری حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاندووە" تاران ئیسرائیل لە لێکەوتەکانی هێرش بۆسەر کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق بە بەرپرسیار دەزانێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشکردنە سەر بینای کونسوڵخانەکە" پێشێلکردنی سەرجەم ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە". 

ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشێکی توندیکردە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و بەهۆیەوە محەمەد رەزا زاهدی گەورە فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران و پێنج کەسی دیکەش کوژران. 


PM:11:31:01/04/2024