ئەو شۆفێرەی لە هەولێر خاشاكی فڕێدابوو بۆسەر شەقامێك سزاکەی لەسەر جێبەجێکرا

سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر سزای ئەو شۆفێرەی کردە بواری جێبەجێکردنەوە کە بەهۆی ئەوەی زبڵ و خاشاكی لەسەر شەقامێکی سەرەکی شارەکە فڕێدابوو.

سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی نیسانی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە" دوای ئەوەی سەرۆكی شارەوانی هەولێر بڕیاریدا سزای سێ ڕۆژ بسەپێنێت بەسەر ئەو شوفێرەی لە چەند رۆژی رابردوودا پاشماوەی زبڵی فڕێ دابووە سەر شەقامێكی سەرەكی شاری هەولێر و لەلایەن كارمەندانی پۆلیس دەستگیركرا، لە دوێنێوە سزاكەی چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە". 

راشیگەیاندووە" سزاكەی بەشێوەیەكە دەبێت شوفێرەكە ماوەی سێ ڕۆژ وەك ژینگە پارێز كاری خاوێنكردنەوی شۆستە و شەقامەكانی نێو بازاڕی هەولێر بكات". 

بڕیارەکەی شارەوانی هەولێر لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٢٥ی مانگی ڕابردوو تۆمارێکی ڤیدیۆی لە نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا کە شۆفێرێک لە ئۆتۆمبێلەکەی زبڵ و خاشاکی فڕادابووە سەر شەقامێکی سەرەکی هەولێر و هاتوچۆی شارەکەش بەهۆیەوە دەستیانگرت بەسەر ئۆتۆمبێلی ئەو شۆفێرەدا و سەرۆکی شارەوانی هەولێریش بڕیاردا کە بۆماوەی سێ رۆژ لەگەڵ ژینگەپارێزان شەقامەکانی پارێزگاکە پاکبکاتەوە. 


AM:09:57:02/04/2024