مەحمود عوسمان: دادگای فیدراڵی هەر ئەوەندە ماوە بڵێت هەرێمی کوردستان شەرعی نیە

سیاسەتمەدارێکی دیاری کورد نگەرانی خۆی لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەربڕیوە و دەڵێت" هەر ئەوەندە ماوە بڕیارێک دەربکات و بڵێت هەرێمی کوردستان شەرعی نیە"، ئاماژە بەوەش دەدات کە ئەو دادگایە هەر لەخۆیەوە بڕیار نادات، گەر سکاڵای لەلانەکرێت، بۆیە کورد خۆی دۆخەکە دەشێوێنێت.

مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری دیاری کورد لە دیمانەیەکی لەگەڵ ( دەنگی ئەمریکا ) رایگەیاند"  نیگەرانی هەیە لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق بەرامەبەر هەرێمی کوردستان و پێموایە بڕیارەکان زیانی زۆریانبۆ قەوارەی هەرێم هەبووە, بە تایبەت بەهۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی".

ئەو سیاسەتمەدارەی کورد دەڵیت " بە دڵنیایەوە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بە تەواوی قەوارەی هەرێمی کوردستانیان لاوازکردووە، چونکە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی نەهێشت و گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن کرد و کۆتاکانی نەهێشت؛ هەر ئەوەندە ماوە بڕیارێک دەربکات و بڵێت هەرێمی کوردستان شەرعی نیە، چونکە لە کاتی سەدام دروستبووە".

مەحمود عوسمان ئاماژەی بەوەداوە کە بەردەوامی کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕێگە خۆشدەکەن بۆ دەستێوەردانی زیاتری دەرەکی.

"خوێندنەوەی من بۆ کورد ٢٠ ساڵ لەمەوپێش چۆنبوو ئێستاش بە هەمانشێوەیە و من وتوومە کورد نەگبەتە و دژی یەکن و ڕێکناکەون و یەکناگرن، ئەمەی کە ئێستا بەرۆکیانی گرتووە کێشەکان تەنها خۆیانن، چونکە گەر یەکگرتووبوونایە، نە دادگای فیدراڵ بڕیاری دەردەکرد نە بەغداش دەیتوانی دژی بوەستێتەوە، بەڵام ئێستا حکومەتی عێراق ئەم پەرتەوازەییەی پێخۆشە تا کوردستان لاواز دەربکەوێت."( مەحمود عوسمان وای وت).

مەحمود عوسمان لەبارەی بوونی دەستی دەرەکی لە هەڵبژاردنەکانەوە راشیگەیاند " دەستی دەرەکی لە نێو خۆی کوردستان و عێراقدا بە ئاشکرا بوونی هەیە؛ لەلایەن ئێران بە نمرەی یەکەم و دواتر دەستێوەردانەکانی تورکیا، بەڵام ئێران لە هەمووی زیاترە و لەم هەڵبژاردنەش بە هەمانشێوەیە".

ئاشکراشی کرد کە سەرەڕای ئالۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، دەرفەت لە نێوان هەردوو لا هەیە بۆ گەیشتنە سازان و چارەسەر.

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە وتیشی " پێدەچیت ئەوەی پارتی وتی بەشداری هەڵبژاردن ناکەم، گۆڕانکاری بهێنێتە ئاراوە و گرفتەکان بە ئاراستەی چارەسەر بچن، چونکە هەوڵێکی زۆری نێوخۆیی و دەرەکی هەیە بۆ ئەوەی هەموو لایەک بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن".

مەحمود عوسمان سەبارەت بە دادگای فیدراڵی  دەڵێت " ئەم دادگایە دەستوری نییە کە لە دەستوردا هاتووە. دادگا دەستوریەکە ئەوەبوو کە نەتوانرا لە پەرلەمان لەبەر ڕێکنەبوونی لایەنەکان دروستبکرێت، بەڵام لەسەر یاسای زەمانی بڕێمەر دروستبووە و کوردیش خۆی دەنگی بۆداوە؛ ئەوەش هەڵەیەکی کوردە. ئەو دادگایە هەر لەخۆیەوە بڕیار نادات، گەر سکاڵای لەلانەکرێت، بۆیە کورد خۆی دۆخەکە دەشێوێنێت".

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، دادگای فیدڕاڵی عێراق چەندین بڕیاری گرنگی لەسەر هەرێمی کوردستان داوە کە دیارترینیان، ڕۆژی ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ دادگاکە لەسەر سکاڵای یەکێتی سەبارەت بە سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریدا کە ١١ کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان نەمێنێت و ژمارەی کورسیەکانی بۆ ١٠٠ کورسی کەمکردەوە. هەروەها شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە گۆڕی بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن.

بەرپرسانی پارتی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییان بە "سیاسی" و بۆ "شکاندنی پارتی" ناوبردووە و سورن لەسەر ئەوەی بەشداری هەڵبژاردنی مانگی شەش نەکەن لە ئەگەری هەڵنەوەشاندنەوەی بڕیارەکان.



AM:12:10:04/04/2024