هۆشداری لە کڕینی جۆرێک لە چوکلێت دەدرێت


نوێنەری تەندروستی لە لیژنەكانی قائیمقامیەت هۆشداری بە هاوڵاتیان دەدات كە ئەو چوكلێت و شیرینیانەی بەشێوەی هەڵڕژارو دەفرۆشرێت نەكڕدرێن.

 ئەمڕۆ هەینی ٥ ی نیسان ئازاد نەبی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند" بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز و زیادبونی خواست لەسەر كڕینی نوقڵ و شیرینی، كە لەلایەن دەستگێڕ و ماركێت و دوكاندارەكانەوە بەشێوەی هەڵڕژاو بەهاوڵاتیان دەفرۆشرێت، كە بەشێكیان گومانی بەسەرچونی ماوەكەی لێدەكرێت، لە ڕوی تەندروستیەوە زیان بە مرۆڤ دەگەیەنێت، بۆیە واباشترە لەكاتی بازاڕكردندا و پێش كڕینی خواردەمەنی سەرنج لە ماوەی بەسەرچونی بدرێت."
 
لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەشڵێت " لیژنە هاوبەشەكان دەستیان بەسەر بڕیكی زۆر چوكلێتدا گرتوە كە ماوەكەیان بەسەر چوە و خاوەنەكانیان بەنیازبون بە شێوەی هەڵڕژاو بەسەر هاوڵاتیاندا ساغیبكەنەوە".
 
روونیشیکردەوە، بەشێك لە توشبون بە نەخۆشییە مەترسیدارەكان، خۆراكە ماوەبەسەرچوەكانە، نوێنەركەی تەندروستی جەخت دەكاتەوە؛ لەكاتی بازاركرندا بەوردی سەرنج لە بەرواری دروستكردنی خۆراكە ماددەكان بدەن.
 
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی خراپبون و زیان گەیاندن بە خواردن و خواردنەوەكان، پلەی گەرمی بەرز و تیشكی خۆرە، بەهەمان شێوە ئەوەش یەكێكی دیكەیە  لەو زیانانەی كە روبەڕوی تەندروستی مرۆڤ دەبێتەوە، بۆیە نابێت هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەك لە پلەی گەرمی بەرز و بەر تیشكی خۆر دابنرێت.
 
" بەهۆی هەبونی بڕێكی زۆر شەكر لە چوكلێت و ئەو شیرینیانە واباشترە كە زیادەرۆیی لە خواردنیاندا نەكرێت." ( ئازاد نەبی ).
 
ئازاد نەبی، نوێنەری تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەكات، بۆ پاراستنی خۆتان و خێزانەكانتان و لەبەر هەبونی زیان بۆسەر تەندروستی ئەو خواردن و خواردنەوانەی لە پلەی گەرم و بەرتیشكی خۆر دادەنرێن و لەلایەن دەستگێڕ، دوكان و  ماركێتەكانەوە دەفرۆشرێن، مەكڕن و بەكاریان مەهێنن.



PM:07:22:05/04/2024