نەوەی نوێ خۆی بۆ داوایەکی تر لە دادگای فیدراڵی ئامادە دەکات

لەگەڵ سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا دەنگوباسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گەرمتربووە، نەوەی نوێ دەڵێت" هەر کەس و لایەنێک هەڵبژاردن دوا بخات لە دادگای فیدراڵی داوای لەسەر تۆمار دەکەین".

وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند" سەرۆکی هەرێم خۆی ماوەی یاسایی بەسەرچووە و بەهیچ جۆرێک بۆی نییە وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بگۆڕێت".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا هیمداد شاهێن دەشڵێت، " ئەگەر سەرۆکی حکومەت وادەی هەڵبژاردن بگۆڕێت ئەوا لە دادگای فیدڕاڵی تانەی لێ دەدەین".

ئاماژەی بەوەش کردووە "تەنانەت ئەگەر ماوەیشی بەسەر نەچوایە، ئەوا بەپێی یاسا تەنها بۆی هەیە رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکات نەک رۆژی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە!".

 بڕیارە ١٠ حوزەیران هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام پارتی و بەتایبەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەکەیداو هەر بە مەبەستی ئەنجامنەدانی بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی ١٠ ی حوزەیران راگەیاند، لەو رۆژەوە گفتوگۆ لەسەر ئاستی هەرێم و بەغدا و یۆنامی و ئەمریکا بەردەوامە بە مەبەستی دواخستنی، بەرامبەر ئەوەش سەرجەم حزبەکانی هەرێم دژی دواخستنی هەڵبژاردنن و راگەیاندنیان بڵاوکردەوە.



PM:10:17:06/04/2024