بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ٨٨٦ بەربژێر ناویان پێشکەش کردووە

وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژە بەوەدەکات کە ٨٨٦ بەربژێر بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناویان پێشکەش کردووە و دەڵیت" ژمارەی بەربژێران کۆتایی نییە و هێشتا لێکۆڵینەوە لە شیاوبوونیان دەکرێت".

ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی نیسانی ٢٠٢٤  جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "٨٨٦  بەربژێر بۆ بەشداریکردن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ناویان پێشکێش کردووە، لەو ژمارەیە ٦٠٩ بەربژێریان پیاو و ٢٧٧یان ژنانن."
  
وتەبێژەکەی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەی بەربژێران کۆتایی نییە و هێشتا لێکۆڵینەوە لە شیاوبوونیان دەکرێت، ژمارەی کۆتایی بەربژێران پێویستی بە پەسندکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانە.
 
جومانە غەلای سەبارەت بە چاودێرانی سندووقەکانی دەنگدان رایگەیاند "کۆمیسیۆن پێویستی بە زیاتر لە ٤٥ هەزار کەس لە فەرمانبەران، خوێندکاران و دەرچووانی پەیمانگە و زانکۆکان لە هەرێمی کوردستان دەبێت بۆئەوەی لە رۆژی دەنگداندا ببنە چاودێری سندووقەکان".
 
"زیاتر لە ١٢٠٠ بنکەی دەنگدان کە زیاتر لە ٦٠٠٠ وێستگە لەخۆدەگرن، بۆ هەڵبژاردنەکە ئامادە دەبن، هەر وێستگەیەک چوار بۆ پێنج چاودێری تێدا دەبێت."( وتەبێژەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان وتی).
 
جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن میکانیزمەکانی دیاریکردنی چاودێرەکانی دیاریکردووە، هەروەها دەبێت تەمەنی ئەو چاودێرانە لەنێوان ١٩  بۆ ٥٥ ساڵ بێت، و دانیشتووی ئەو پارێزگایە بێت کە وەکو چاودێر تێیدا دەبێت.
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوو هاوپەیمانێتی و ١٠ پارت لیستی بەربژێرانیان رادەست کردووە، هەروەها ٥٤ بەربژێری سەربەخۆ ناوی خۆیان پێشکێش کردووە.
 
١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.



AM:09:43:07/04/2024