کەشناسی: شەپۆلێکی بارانبارین لەگەڵ هەورە تریشقە دەستپێدەکات

کەشناسی پێشبینی دەکات ئەمڕۆ و سبەینێ شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە کە هەورە تریشقەشی لەگەڵ دەبێت، ئەوەشی خستەڕوو کە پلەی گەرما دادەبەزێت.

کەسناسی هەرێم  ڕایگەیاند" ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور ناوچەکەمان دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارین".

ڕوونیشیکردەوە کە ئاسمانی سەنتەری پارێزگاکان و ناوچە شاخاویییەکان و تەواوی ناوچە جیاجیاکان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ باران بارین و هاتنی شەپۆلێکی هەورە تریشقە.

کەسناسی هەرێم دەڵێت" بڕی دابارین لەسەرجەمی ناوچەکەمان مامناوەند دەبێت لە نێوان (٥-١٠) ملم لە سەنتەری پارێزگاکان و وە (٨-١٥)ملم لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە سنووریەکان".

کەشناسی ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمڕۆ پێشبینی زیاد بوونی خێرایی با بۆ سەرووی ٢٥کم لە کاتژمێرێکدا و بەهۆی ناجێگیری کەشوهەواشەوە ئەگەری لێزمە بارانی لەناکاو هەیە.

سەبارەت بە سبەینێش ئاماژەی بەوەشداوە بارانبارین بەردەوامی دەبێت بە تایبەت لە کاتەکانی بەرەبەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک و بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای هەولێر.

جەختیشی کردەوە بەوەی بڕی بارانی پێشبینیکراو لە نێوان (٨-١٤) ملم دەبێت و لە کاتی لێزمە باران و هەورە تریشقەدا ئەم بڕە دەگۆڕێت بۆ سەرووی ١٥ ملم.

کەشناسی ڕوونیکردەوە کە لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەری ئەم باران بارینە درێژدەبێتەوە بۆ سەر سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و سنووری پاڕیزگای سلێمانی و هەڵەبجەو پاشان بۆ سەر سنووری ئیدارەی گەرمیان و بەشێک لە پارێزگای کەرکووک.

ڕاشیگەیاند " لە ئێوارەی دووشەممەوە تا ڕادەیەک بارانبارین کەم دەبێتەوە زیاتر ئاسمان هەور و نیمچە هەور دەبێتم و ئەمڕۆ و سبەینێ پلەی گەرما ٤-٧ پلە دادەبەزێت".

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی

هەولێر : ٢٢

سلێمانی:  ٢٠

دهۆک: ١٩

زاخۆ:  ٢٣

هەڵەبجە : ٢٣

کەرکووک : ٢٥

سۆران : ٢٠

حاجی ئۆمەران : ١٢

گەرمیان : ٢٦


AM:10:44:07/04/2024