دادگای فیدراڵی سوورە لەسەر "تەوتین"کردنی مووچەخۆرانی هەرێم

سەرۆکی دادگای فیدراڵی سوورە لەسەر " تەوتین " و لە نوێترین راگەیاندیدا دەڵێت" سیستمی "تەوتین" بۆ پاراستنی مافی سەرجەم فەرمانبەرانی عێراقە".

لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق،  جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دادگای فیدراڵی دوایین هەڵوێستی خۆی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران راگەیاند و دەڵێت" سیستەمی "تەوتین" بۆ پاراستنی مافی سەرجەم فەرمانبەرانی عێراقە بە هەرێمی کوردستانیشەوە."

هەروەها وتیشی، " بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدادی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکلاکردەوە".

لە بارەی سیستەمی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی لە عێراقدا، جاسم عەبود دەڵێت" 
دەستوری عێراق بە پێی ماددەی (117) هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی بە فەرمی ناساندووە".

دەشڵێت "دادگای باڵای فیدراڵی، لە خۆوە کار لەسەر هیچ دۆسییەک ناکات، بەڵکو لەسەر بنەمای سکاڵا کار لەسەر دۆسیەکان دەکات".

ئەوە لە کاتێکدایە کە هەردوو لایەنی حکومەتی فیدراڵ و هەرێم چاوەڕوانی روونکردنەوەی دادگای فیدراڵی دەکەن لەسەر چۆنێتی " تەوتین" کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. 



PM:03:17:07/04/2024