عەدنان موفتی: بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی زیاد لە سنوری خۆیان ڕۆشتوون

سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێک لە بڕیارەکانی ئەم دواییە دادگای فیدڕاڵی عێراق بە "نا دەستوری" ناودەبات.

عەدنان موفتی سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" بەشێک لە بڕیارەکان زیاد لە سنوری خۆیان ڕۆشتوون، چونکە هەندێک لەو بڕیارانە لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی و بەشێکیشیان هی پەرلەمانی عیراقن، بەڵام دادگای فیدڕاڵ خۆی کردۆتە خاوەنیان ئەمەش پێچەوانەی دەستوری عێراقە، دادگای فیدڕاڵی ڕاستە بڕیارەکانی کۆتایین، بەڵام دەستور لە سەرووی هەموو یاساکانەوەیە". 

وتیشی" دوو ماددەی گرنگ هەن لە دەستوردا کە یەکێکیان پەیوەندی بە قەوارەی هەرێمەوە هەیە کە دەنگی بۆ دراوە؛ ماددەکە دەڵیت قەوارەی هەرێم پارێزراوە بە هەموو یاساکانیەوە؛ واتە پێش دەنگدان بە دەستور ئەمە جێگیرکراوە. بەڵام بە نموونە لابردنی کورسی پێکهاتەکان کە بە یاسا ڕێکخراوە و یەکێتی و پارتی دەنگیان لەسەر داوە؛ لابردنیان بە بڕیاری دادگا پێشێلکاری یاسای هەرێمی کوردستانە، پرسیار لەوەدایە کە کورسی کۆتاکان هەڵوەشایەوە، بۆچی کورسی پێکهاتەکان لە بەغدادە لە موسڵ هەڵنەوەشایەوە؟ لەمەوە تێدەگەین بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی تەفسیر دەکرێت کە جانبی سیاسی هەیە". 

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە بڕیارەکانی ئەم دواییە دادگای فیدڕاڵی بە "نا دەستوری" ناو دەبات، دەشڵێت" هۆکاری ئەو ئاڵەنگارییانەی سەر قەوارەی هەرێم پەرتەوازەی ناوخۆی لایەنەکانی هەرێمی کوردستانە". 

وتیشی" دەبێت یەکڕیزبین و بە یەک سیاسەتەوە مامەڵە لەگەڵ عیراق و وڵاتیانی دراوسێش بکرێت، لە هەموو ئەو ساڵانەی گوتاری هاوبەشمان هەبووە، هەرێم باش بەڕێوەچووە وە خەڵکیش ڕازی بووە و دەستکەوتی گەورەش بۆ گەلەکەمان بەدەست هاتوون، لە پێش هەمووشیانەوە جێگیرکردنی مافەکانی کوردە لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا". 


PM:11:01:07/04/2024