سودانی و سەرۆكی كۆمسیۆن لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە

ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٤ سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لەبارەی پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە.

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە" ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و لێپرسراوی فەرمانگەی هەڵبژاردن کرد، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە هەوڵ و ڕێکارەکانی کۆمسیۆن کرا، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێویستی تێپەڕاندنی هەموو ئەو کێشانەی دێنە بەردەم کارەکانی کۆمسیۆن". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیشکراوەتەوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆكراوە لەسەر میکانیزمە یاساییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە کە بە شەفافیەت ئەنجام بدرێت و دادپەروەری و خواستەکانی هاوڵاتییانی هەرێم بەدی بهێنێت. 


PM:09:22:08/04/2024