" لێکنزیکبوونەوەی باش لەسەر کەرکوک هەیە "

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات،  گفتوگۆکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک بەردەوامە و لێکنزیکبوونەوەی باش ھەیە، بۆ ئەوەی حکوومەتێک بە بەشداریی ھەموو لایەنەکان پێک بێت.

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە "گفتوگۆ لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک بەردەوامە و چوار مانگ بەسەر ھەڵبژاردندا تێپەڕ دەبێت تا ئێستا نەتواندراوە حکوومەتی خۆجێی پێک بھێندرێت، کە گوزارشت لە ڕای خەڵکی کەرکووک بکات، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دۆخەکە زۆر ھەستیارە لە کەرکووک، بۆیە کار دەکەین بۆ ئەوەی بتواندرێت حکوومەتێک پێک بێت، کە ھەموو لایەک تێیدا بەشدار بن".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەشڵێت" گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ پێکھاتەی تورکمان و عەرەب هەیە و ھەنگاوی باشمان ناوە، بۆ ئەوەی بتوانین لە نزیکترین کاتدا حکوومەت پێک بهێنین و پۆستی پارێزگار و پۆستەکانی دیکەش یەکلا بکرێنەوە، بۆیە ئێستا لە ئەنجامی گفتوگۆکان لێکنزیکبوونەوەی باش ھەیە".

د. شاخوان عەبدوڵا دەشڵێت "دەمانەوێت حکوومەتێک بە بەشداریی ھەموو پێکھاتەکان پێک بێت، بۆ ئەوەی دۆخی پارێزگای کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و سەرجەم کێشەکانی ئەو شارە چارە بکرێن".

لە هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوک ژمارەی کورسیەکانی کورد یەکسان بوو بە ژمارەی کورسیەکانی عەرەب و تورکمان، ئەمەش یەکێک بوو لە هۆکارەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حوکمەتی خۆجێی. 

رۆژی دووشەممە، ١٨ـی کانوونی یەکەم، هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ١٥ پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.



PM:05:28:09/04/2024