نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرز بوونەوە و پێشبینی دەکرێت زیاتریش بەرز بێتەوە

ماوەی چوار هەفتەیە لەسەر یەک نرخی زێڕ بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە ٢٧٠٠ دۆلار.

دابەزاندنی رێژەی سووی بانکی لەلایەن بانکی فیدراڵیی ئەمەریکاوە، وایکردووە زۆرێک لە بازرگان و تەنانەت بانکە ناوەندییەکانی وڵاتانیش پەنا ببەنە بەر کڕینی زێر، هاوکات شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەترسی هێرشی تۆڵەکردنەوەی ئێران لەبەرامبەر هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ کۆنسوڵخانەی ئێران لە سووریا، خواستی بۆ کڕینی زێڕ لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە زیادکردووە، ئەوەش وەکو یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دادەنرێت.

دوای ئەوەی رۆژی هەینی نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرزبووەوە بۆ ٢٤٣٠ دۆلار، لە کاتی داخستنی بازاڕدا هەندێک دابەزینی بەخۆیەوە بینی و یەک ئۆنسە بە ٢٣٤٣ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

بانکی گۆڵدمان ساکس، یەکێک لە گەورەترین بانکەکانی جیهان پێشبینییەکانی خۆی بۆ نرخی زێڕ ڕاگەیاندووە، کە پێی وایە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە بۆ ٢٧٠٠ دۆلار.

هاوکات لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوەدایە گەیشتووتە بەرزترین ئاستی مێژووی خۆی، ئەمڕۆ ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە ٢ هەزار و ٣٨٢ هەزار دۆلار.

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێم بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیەیە:

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە ٢٤ بە (٥٦١) هەزار دینارە.

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە ٢٢ بە (٥١٧) هەزار دینارە.

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە ٢١ بە (٤٩٦) هەزار دینارە.

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە ١٨ بە (٤٣٠) هەزار دینارە.

جێگای ئاماژەیە ١٠٠ دۆلار بە ١٤٨ هەزار  دینار دەشکێنرێتەوە.



PM:01:03:13/04/2024