لە نزیک کونسوڵخانەى ئێران لە دیمەشق ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو تەقییەوە

کەمێک پێش ئێستا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک کونسوڵخانەى کۆماری ئێران تەقییەوە. 

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە"  لە دیمەشق ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک چێشتخانەیەک بە دووری دوو کیلۆمەتر لە کونسوڵخانەى ئێران تەقییەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕووداوەکە هیچ زیانێکى گیانى نەبووە و تەنها زیانى ماددى بە دواى خۆیدا هێناوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی ١ی ئەم مانگە لە گەڕەکی میززەی دیمەشقی پایتەختی سوریا باڵەخانەیەکی تەنیشت باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران کرایە ئامانج کە بەهۆیەوە محەمەد ڕەزا زاهیدی ڕاوێژکاری باڵای سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە سوریا و لوبنان لەگەڵ جێگرەکەی و پێنج کەسی دیکە کوژران. 


PM:02:18:13/04/2024