چاکسازی گەورانی‌ هەولێر له‌باره‌ی‌ گیان له‌ده‌ستدانی‌ سزادراوێكه‌وه‌ ڕوونکردنەوە دەدات

چاکسازی گەورانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" ئەو سزادراوەی گیانی لەدەستداوە نەخۆشی درێژخایەنی هەبووە". 

چاکسازی گەورانی هەولێر ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە" سزادراو ئەسعەد حسێن ئەحمەد، نەخۆشی شەکرەی هەبوو، لە رێگای تیمەکانمانەوە هەفتانە دووجار رەوانەی نەخۆشخانە دەکرا و غەسلی گورچیلەی بۆ ئەنجامدەدرا و هەموو خزمەتگوزاریەکی تەندروستی پێشکەشکراوە بە باشترین شێواز، ژیان و مردنیش لە دەست خودایە". 

دەقی ڕوونکردنەوەکە بەمشێوەیەیە: 

بابەت/ ڕوونکردنەوە

ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران / هەولێر  پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سزادراوی کۆچ کردوو (اسعد حسین احمد) دەکەین خوای گەورە سەبر و ئارامی ببەخشێت بە بنەماڵە و ئازیزانی ، بە داخەوە کە ناوبراو نەخۆشی شەکرەی هەبوو وە کاریگەری لەسەر کلیەکانی دروستکردبوو،بۆیە ئێمە لە ڕێگەی تیمەکانمانەوە هەفتانە دووجار ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرا و  غەسلی کلیەی بۆ ئەنجام دەدرا و هەموو خزمەتگوزاریەکی تەندروستی پێشکەش کراوە بە باشترین شێواز، ژیان و مردنیش لە دەست خودایە، بۆیە بنەماڵە و کەس و کاری ناوبراو سەردانی ئێمەیان کردووە و زۆر سوپاسگوزار بوون لە بەرامبەر ئەو خزمەتەی کە پێشکەشی کراوە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان وە شایەنی باسە ناوبراوبۆ ماوەی ٢٢ ساڵە لە چاکسازییە وە بە دوو ماددەی یاسایی سزادرابوو بە مادەی ٤٠٦ + ١٦٩ بە ماوەی سزای سێدارە + ٥ساڵ و ١ مانگ، وە لێرەوە بۆ ڕایگشتی ڕایدەگەیەنین کە سەرلەبەری ئەو هەواڵەی لە هەندێک لە پەیج و دەزگای ڕاگەیاندن بڵاو کراوەتەوە دوورە لەڕاستی وە ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران / هەولێر سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو پەیج و دەزگایەنە تۆمار دەکەین کە ئەم هەواڵە ناڕاستەیان بە ناوی بنەماڵەی کۆچکردوو بڵاو کردۆتەوە و هەوڵی ناوزراندنی بەڕێوەبەرایەتیەکەمانیان داوە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست .


PM:06:06:13/04/2024