محەمەد باقری: هێرشەکانمان کۆتایی پێهات، هیچ نیازێکمان نییە بەردەوام بین

بەرپرسی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل بە " سەرکەوتویی " ناودەبات و دەڵێت" هێرشەکانمان کۆتایی پێهات، هیچ نیازێکمان نییە بەردەوام بین".

محەممەد باقری، بەرپرسی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل بە " سەرکەوتویی " ناودەبات و وتی" بە بۆچوونی ئێمە ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی هاتووە و هیچ نیازێکمان نییە بەردەوام بین".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، تاران پەیامێکی بۆ واشنتۆن ناردووە کە ئەگەر بەشداری لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیلدا بکات، ئەوا مامەڵە لەگەڵ ئەمریکاش دەکات.

باقری هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێران توانای هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بە هێزێکی "دەیان هێندەی گەورەتر"ی هەبووە بەڵام ئەوەی نەکردووە و هەروەها خۆی لە هێرشکردنە سەر "ناوەندەکانی دانیشتووان و ئابوری" ئیسرائیل بەدوور گرتووە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل رایگەیاندووە" وەڵامێکی بێ وێنە بە کۆماری ئیسلامی دەدەینەوە".

شەوی شەممە ئێران بە زیاتر لە ٣٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کروز و مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "لەسەدا ٩٩"ی موشەکەکان بەر لە گەیشتنیان بە ئامانجەکە پووچەڵ کراون، بەڵام پشتڕاستی کردەوە کە مووشەکەکە بەر بنکەی ئاسمانی نەڤاتیم کەوتووە و "زیانێکی کەم"ی پێ گەیاندووە.



AM:09:56:14/04/2024