ئێران: ٧٢ کاتژمێر پێش هێرشەکانی سەر ئیسرائیل دراوسێکانمان ئاگادارکردەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت" حكومەتی ئێران ٧٢ كاتژمێر پێش دەستپێكردنی هێرشەکانی سەر ئیسرائیل دراوسێكانی خۆی ئاگادار كردووەتەوە". 

ئەمیر حسێن عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆزانى بیانى لە تارانى پایتەختی وڵاتەکەی ڕایگەیاند" تاران واشنتۆنی ئاگادار کردووەتەوە کە هێرشەکان بۆسەر ئیسرائیل سنووردار دەبن و بۆ بەرگریکردن لە خۆیان دەبن".

ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتانی دراوسێ ٧٢ کاتژمێر پێش دەستپێکردنی ئەو هێرشانە ئاگادارکراونەتەوە.

عەبدوڵڵاهیان ڕوونیشیکردەوە، وڵاتەکەی درێغی ناکات لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی لە بەرامبەر هەر هێرشێکی نوێ. 

ئەوەشی خستەڕوو، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیان شوێنی هەڵدانی فڕۆکەکانی ئێف-٣٥ی کردە ئامانج. 

وتیشی" هێرشی ئیسرائیل بۆسەر کونسوڵخانەکەمان یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکردووە، ئێمەش خۆگرتنمان بەخۆوەگرتووە، بەڵام پێدەچێت ئیسرائیل لەوە هەڵە تێگەیشتبێت". 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ئێمە زۆر ورد بووین لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیلدا و چاومان لەوە نییە ئەمریکییەکان یان بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا بکرێنە ئامانج، بەڵام ئەگەر لە لایەن بنکە ئەمریکییەکان بکرێنە ئامانج، ئەوا ناچار دەبین بۆ ئەوەی بیانکەینە ئامانج".
 
ئێوارەی دوێنێ کۆماری ئیسلامی ئێران لە خاکی خۆیەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک هێرشێکی بەرەو ئیسرائیل دەستیپێکرد، ئەمەش دوای کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کە هەفتەی ڕابردوو نزیک کونسوڵخانەی ئێرانی لە دیمەشق کردە ئامانج.


PM:07:31:14/04/2024