وڵاتانی G7 سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل دەکەن

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٤ سەرکردەکانی گروپی حەوت هێرشی ئێرانیان بۆسەر ئیسرائیل ئیدانە کرد، هاوکات بەڵێنیاندا کە کاربکەن بۆ هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئیتالیا کە سەرۆکایەتی گروپی حەوتی بەدەستەوەیە، لە بەیاننامەیەکدا کە سەرکردەکانی گروپەکە تێیدا بەشداربوون، ڕایگەیاند" بەم کارانە ئێران هەنگاوی بەرەو ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە ناوە و مەترسی وروژاندنی هەڵکشانی ناوچەیی کۆنترۆڵنەکراوی لەسەرە و ئەمەش دەبێت دوور بخرێتەوە". 

هەروەها لای خۆشیەوە شارل میشێل سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند" لەگەڵ سەرکردەکانی گروپی حەوت کە ئەمڕۆ لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە کۆبووینەوە، سەرکۆنەی هێرشە بێ پێشبینەکەی ئێرانمان کرد بۆسەر ئیسرائیل، پێویستە هەموو لایەنەکان دان بەخۆیاندا بگرن و هەموان بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو پەرەسەندنە". 

وتیشی" لە کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتی ئەوروپا کە چوارشەممە و پێنجشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان دەبێت". 


PM:10:02:14/04/2024