وێنە.. کەسوکاری ئەنفالکراوان لە بیابانی عەرعەر دوای مافەکانی خۆیان دەکەن

١٥٠ کەس لە کەسوکاری ئەنفالکراوان لەگەڵ چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی پاش سەردانکردنی پەرلەمانی عێراق سەردانی بیابانی عەرعەریان کرد و داوادەکەن رووفاتەکانی ئەنفالکراوان بگيڕێنەوە.

پەیامنێری ( سپی) رایگەیاند"  پاش ئەوەی کە دوێنێ ١٥٠ کەس لە کەسوکاری ئەنفال کراوان لەگەڵ چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیاکارن سەردانی پەرلەمانی عێراقیان کرد، ئەمڕۆ لە بیابانی عەر عەر و نوگرەسەلمان، سەردانی روفاتی ئەنفالکراوانیان کرد و داواکاریەکانیان خستەروو".

پەیامنێری (سپی) راشیگەیاند" ئامانجیان لەم سەردانەیان هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوانە بۆ زێدی خۆیان و هەروەها دەرخستنی کەموکۆڕییەکانی و کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێمە سەبارەت بەم کەیسە".

تاوانی ئەنفال، یەکێکە لە قێزەونترین و نامرۆڤانەترین تاوانەکانی ڕژێمی بەعس کە وەک تیرۆریزمی دەوڵەت لە مێژووی هاوچەرخ دژ بە نەتەوەیەکی ستەمدیدە لە ساڵی ١٩٨٨ ئەنجامیداوە. ڕژێمی بەعس، بۆ پێدانی ڕوخسار و پاساوێکی ئایینی ناوی سوورەتی ئەنفالی لەسەر ئەم ئۆپەراسیۆنە دانا و ئامانج لەم ناولێنانەش بەخشینی جۆرێک لە پیرۆزیی بووە بەم جەنگە، کە بە دڕندانەترین شێوە لە بەرامبەر بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا. ئەم پرۆسە تاوانکارییە لە هەشت قۆناغ لە چەندین ناوچەی جیاوازی کوردستانی باشوور ڕوویداوە، کە تێیدا دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی سیڤیل و بێتاوان بوونە قوربانی، کە تاکوو ئێستا نە حکومەتی هەرێم و نە حکومەتی عێراق نەیانتوانیوە وەک پێویست بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵبستن بەرامبەر بە قوربانیان و بەجێماوانى ئەم کارەساتە و برینەکانی هەر بە ساڕێژنەکراوی ماوەتەوە.

بۆ بینینی ڤیدیۆ سەردانی پەیجی سپی بکەن:https://fb.watch/rvvBgGDlUP/




PM:03:35:17/04/2024