پەرلەمانی عێراق ١٦٦ پەرلەمانتار بە لیبڕینی بەشێک لە مووچەکەیان سزا دەدات

بەهۆی ئامادەنەبوون لە دانیشتنی پەرلەمان، لە هەر پەرلەمانتارێک کە ئامادە نەبووە بڕی یەک میلیۆن دینار لە مووچەکەیان بڕدرا.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردووەتەوە " ئەو پەرلەمانتارانەی رۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئامادە نەبوون، یەک ملیۆن دینار لە مووچەی هەر یەکێکیان بڕدرا و سزا دران ".
  
هۆکاری سزادانیشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئامادەنەبوونی ئەو پەرلەمانتارانە لە رۆژی چوارشەممە ١٧ی نیسان کە بووەتە هۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامان و دواتر نەکردنی دانیشتنەکە.
 
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان رایگەیاندووە" ناوی پەرلەمانتارانی ئامادەنەبوومان بۆ فەرمانگەی دارایی پەرلەمان نارد بۆ ئەوەی بڕی یەک ملیۆن دینار لە هەر پەرلەمانتارێک ببڕدرێت."
 
بڕیاربوو کۆبوونەوەکە کاتژمێر ١ی دوای نیوەڕۆ دەستپێبکات، جگە لە پەسندکردنی هەمواری یەکەمی یاسای دەستەی داواکاریی موڵکایەتی، خوێندنەوەی یەکەم بۆ سێ رەشنووسی یاسا لە کارنامەکەیدا هەبوو.
 
بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراق، دەبێت نیوە کۆیەکی ئەندامانی پەرلەمان ئامادەی هەر دانیشتنێکی ئاسایی بن کە ١٦٥ ئەندامە لەکۆی ٣٢٩ ئەندامەکەی پەرلەمان.
 



AM:10:44:18/04/2024