ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران
ئێران: دامەزراوە ئەتۆمییەکان سەلامەتن

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٩ ی نیسان ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی کردۆتە سەر ئێران، تا ئێستا ئێران دەیەوێت لە قەوارەی هێرشەکە کەمبکاتەوەو جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتە کە دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران سەلامەتە.

بەرەبەیانی ئەمرۆ هەینی دەنگی چەندان تەقینەوە لە شاری ئەسفەهانی ئێرانی دەبیسترێت، ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسا AFP ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چەند ئامانج لە شاری ئەسفەهان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان رووبەڕووی هێرش بۆتەوە، ئێران ئەو هێرشانە رەتدەکاتەوەو زیاتر " راڤەی ئەمنی " بۆ دەکات، هاوکات ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو دەنگە بە‌هێزانەی لە ئەسفەهان بیستراوە بەرگری ئاسمانی ئێرانی بووە.

میدیا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانی ئێرانەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانیی ئێران کە دەکەوێت ئەو شارە سەلامەتە.

لەگەڵ روودانی ئەو هێرشەدا گەشتە ئاسمانییەکانی ژمارەیەک لە شارەکانی ئێران لە نێویاندا تاران و ئەسفەهان راوەستاوەو چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، بەلآم بەیانی ئەمڕۆ سەر لەنوێ گەشتەکان دەستیپێکردەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە هەندێک وڵات لەوانە ئوسترالیا داوا لە هاوڵاتییەکانی دەکات ئێران جێبهێڵن.

تا ئێستا هیچ دەزگایەکی فەرمی ئێران بەرەسمی زیانەکانی ئەو هێرشەی رانەگەیاندووەو، زیاتر لەسەرچاوەی ئاگادارەوە زانیاری بڵاودەکەنەوەو، هیچ ئاماژەیەک بۆ زیانی گیانی لە ئەنجامی ئەو هێرشەوە نەکراوە.

میدیا ئیسرائیلیەکان و ئەمەریکییەکان لە زاری چەند ئەفسەرێکی ئیسرائیلیەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئیسرائیل بە دۆرن هێرشی کردۆتە سەر ئێران و بەتایبەتی ئەو فڕۆکەخانەیەی کە هەفتەی پێشوو ئێران فڕۆکەکانی لێوە ئاراستەی ئیسرائیل کرد.

 



AM:07:28:19/04/2024