گەنجێک لە کاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە لە سنووری قەزای ماوەتی سەر بە سلێمانی، لە شاخ هەڵدێرا و گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ هەینی، کامەران حەسەن، قائیمقامی قەزای ماوەت ڕایگەیاند" گەنجێکی دانیشتووی گوندی سەراو لە ماوەت، بە مەبەستی هێنانەوەی گژوگیای بەهارە چووەتە بناری شاخی گمۆ، بەڵام لەوێ هەڵدێراوە و گیانی لەدەستداوە".
ئەوەشی خستەڕوو کە تەرمی گەنجەکە دۆزراوەتەوە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی ماوەت ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی دەکرێت.
گەنجەکە ناوی شیروان عارف قادرە و تەمەنی ٣٨ سال بووە، خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە.