لە سلێمانی هاوڵاتییەک بەتۆمەتی دزینی ٢٠ ملیۆن دینار دەستگیرکرا

پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند کە بڕی ٢٠ ملیۆن دیناری لە دوکانێکدا دزیبوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" دوای ئەوەی هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد کە بڕی ٢٠ ملیۆن دیناری لە دوکانەکەیدا لێ دزراوە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد، سەرەنجام و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و گەیشتنە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، توانرا تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕەوە دەستگیربکرێت". 

پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت" توانرا دەستبگیرێت بەسەر بڕێک لە پارە دزراوەکەدا و تۆمەتبار (ع، ر، ح) لە دایکبوی ١٩٧٠ دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٤٦ ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.


PM:11:27:21/04/2024