وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت" پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان یەكلابۆتەوە و توركیا ئامادەیی دەربڕیوە نەوت لە رێگای بۆرییەوە هەناردەبكرێت و ئێستا کێشەکە تەنیا لەنێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمە".
باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ٢٦ لێكتێگەیشتن لە نێوان عێراق و توركیا لە چەند بوارێكدا واژۆكراون و توركیا بەشداردەبێت لە ئاوەدانكردنەوە و نەهێشتنی كێشەی كەمئاویی لە عێراقدا".
ئاشكراشیكرد، پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان یەكلابووەتەوە و توركیا ئامادەیی دەربڕیوە، كە نەوت بە بۆری هەناردەبكرێت و كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت، كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن گرێبەستیان هەیە پێویستە نەوت لە رێگای سۆمۆوە هەناردەبكرێت.
وتەبێژی حکومەتی عێراق دەشڵێت" ئێستا کێشەکە تەنیا لەنێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمە، بەدیاریکراوی لەبارەی مافی ئەو کۆمپانیانەی کە نەوت دەردەهێنن. بەپێی بڕیارە نوێیەکان، پێویستە ئەو کۆمپانیایانە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و کۆمپانیای سۆمۆ بکەن؛ بۆیە لەوبارەوە گرێبەست و ڕێککەوتن و دانوستاندنی نوێ دەکرێت".