لەبارەی ڕێگریگرتن لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی سلێمانی ڕوونکردنەوە دەدرێت

هەرچەندە بڕیاربوو دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی کۆمەڵێک سیاسی، پەرلەمانتار و چالاکوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەردەم نوسینگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گردبوونەوەیەک ئەنجامبدەن، بەڵام ئاسایش ڕێگریکرد لە ئەنجامدانی گردبوونەوەکە. 

سەلام عەبدولخالق وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" هۆکاری ڕێگریەکە لە لایەک بۆ نەبوونی مۆڵەت دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکیەکە، لەلایەکی تریش بۆ پاراستنی ئەمنیەت بووە".

وتیشی" کەسمان دەستگیرنەکردووە، تەنها دورمانخستوونەتەوە". 

هەروەها لای خۆشیەوە شوان محەمەد ڕۆژنامەنووس، سەبارەت بە ڕێگرییەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" هێزێکی زۆری ئەمنی هاتبوونە شوێنی گردبوونەوەکە، دواتر چەند بەرپرسێکی ئاسایش هاتن و بڵاوەیان بە ئێمە و خەڵکەکەش کرد، هەڕەشەی گرتنیان لێکردین لە ئەگەری بە جێنەهێشتنی شوێنەکە، سەر ئۆتۆمبێلیان خستین و لە شوێنێکی تر دایان بەزاندین بۆ ئەوەی دوورمان بخەنەوە لە شوێنەکە". 

ڕاشیگەیاند" ئەوە پێشێلکارییە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان، هەرچەندە ئەمڕۆ دنیایەک وتاری جوانمان لە بەرپرسانەوە بیست تایبەت بەم ڕۆژە، بەڵام هەر خۆیان پێشێلکاری لەم ڕۆژەدا بەرامبەرمان دەکەن". 

لەبارەی نەبوونی مۆڵەت، دوو ڕێکخەری گردبوونەوەکەی سلێمانی بۆ دەنگی ئەمەریکا ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە داوای مۆڵەتیان نەکردووە.

یەکێک لە ڕێکخەرەکان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە وتی" گردبوونەوەکە بۆ خۆپیشاندان نەبوو بەڵکو بۆ پێشکەشکردنی یاداشتی ناڕەزایەتی بوو بە نوسینگەی پەرلەمانی عێراق، بۆیە پێویستی بە مۆڵەت نەبوو". 


PM:10:01:22/04/2024