ئەگەرێکی زۆر هەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت

لە کاتێکدا رۆژ بەرۆژ ئەو کاتەی سەرۆکی هەرێم داینابوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیک دەبێتەوەو، پارتی مکوڕە لەسەر بەشداری نەکردن، سەرۆکایەتی هەرێم پەیوەندی دەکات بە حزبەکانەوە تا رێکبکەون لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە سەرۆکایەتی هەرێمەوە لە دوو رۆژی رابردوودا پەیوەندی بە حزبەکانی دەرەوەی پارتی کراوەو داوایان لێکردوون کە هەڵبژاردن دوابخرێت تا مانگی ١٠ ی ٢٠٢٤.

بەپێی ئەو زانیاریانەی ئەو بەرپرسانەی پەیوەندیان کردووە بە حزبەکانی ترەوە ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ پارتی رازییە بە دواخستنی هەڵبژاردن.

 لەبارەی چارەسەرکردنی دواخستنی هەڵبژاردنەوە لەسەر ئاستی فەرمی و لە بەغدا، ئاماژە بەوە کراوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق سودانی داوایەک لە دادگای فیدراڵی دەکات کە روونکردنەوە بدات لەسەر ئەو ١٠٠ کورسیەی بڕیاریان  لەسەر دراوە، لەو نێوەندەدا بەمنزیکانە دادگای فیدراڵی ئاماژە بۆ ئەوە بکات کە لەو ١٠٠ کورسیە ٥ کورسیان بۆ پێکهاتەی مەسیحیییەکان دەبێت، بەمەش پارتی رازی دەکرێت کە بەشداری بکات.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " حزبەکان زۆربەیان رەتیانکردۆتەوە هەڵبژاردن دوابکەوێت و بەتایبەتی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام تا ئێستا یەکێتی وەک بەشداریکاری سەرەکی حوکم لە کوردستان هیچ راگەیاندنێکی فەرمیان لەو بارەیەوە رانەگەیاندووە. 



PM:03:33:23/04/2024