ئەردۆغان: ڕازاندنەوەی هەموو لایەکی هەولێر بە ئاڵاکەمان بەڕاستی هەستی بزواندین

سەرۆک کۆماری تورکیا خۆشحاڵیی خۆی بەرامبەر شێوازی پێشوازیکردنی لە هەولێر دەردەبڕێت و ڕایدەگەیەنێت" بە ٢٧ ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ عێراق زەمینەی پەیوەندییەکەمان بەهێز کرد".

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و ڕایگەیاند" بەشێوەیەکی گشتگیر هەڵسەنگاندنمان کرد بۆ پەیوەندیە ئابوورییەکانمان بەتایبەتی وزە، گواستنەوە، بازرگانی و وەبەرهێنان كرد".

ئەردۆغان سەبارەت بە رازاندنەوەی شەقامەکانی هەولێر و بوونی ئاڵای تورکیا شانبەشانی ئاڵاکانی کوردستان و عێراق لە شەقامەکان قسەی کرد و وتی" ڕازاندنەوەی شەقامەکانی هەولێر بەو جۆرە ئاماژەیە بە پەیوەندیی دۆستانەی نزیکی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان".

ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە پاش سەردانی بەغدا سەردانی هەولێری کردووە و لەگەڵ سەرکردەکانی ئیدارەی هەرێم کۆبوونەوەی سوودبەخشیان ئەنجام داوە و وتیشی" ڕازاندنەوەی هەموو لایەکی هەولێر بە ئاڵاکەمان بەبۆنەی سەردانەکەمانەوە، بەڕاستی هەستی بزواندین".

ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە بەبۆنەی سەردانەکەیەوە دەرفەتیان بۆ ڕەخسا جارێکی دیکە لە نزیکەوە دۆستایەتی ڕاستگۆیانەی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان- عێراق ببینن، کە ئیرادەیان بەردەوامە بۆ پێشخستنی ئەو هاریکارییەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم دروست بووە.


PM:07:19:23/04/2024