سێ کۆڵبەر دوای ئەشکەنجەدانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکران

سێ کۆڵبەری خەڵکی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکران. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، خالید مەحموودی، عەلی کەریمیان و سەعدوڵڵا ئەمین‌زادە، سێ کۆڵبەری خەڵکی گوندی بڵەسەن سەر بە شاری بانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستگیرکران. 

هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سەرەتای ئێوارەی سێشەممەوە هەتا دەستپێکی ڕۆژی چوارشەممە، ئەو سێ کۆڵبەرەیان بە دەست و قاچی بەستراوە ڕاگرتبوو و لە ژێر ئەشکەنجەدا بوون". 

دەشڵێت" لە ئاکامدا ئەو کۆڵبەرانە بۆ دادگای بانە گواستراونەتەوە و ڕۆژی چوارشەممە بەبێ پرۆسەی ئاسایی یاساکان، دەستبەجێ بە تۆمەتی قاچاغکردنی کاڵا سزای پێبژاردنی ٣٠ ملیۆن تمەنیان بەسەردا سەپێندراوە". 


PM:06:47:26/04/2024