سی پی تی: ئەگەر گارە بگیرێت حكومه‌تی ھەرێم ٧٥%ی خاکی پارێزگای دهۆک له‌ده‌ستده‌دات

رێکخراوی ئاشتی جیهانی( سی پی تی) ئاماژەی بەوەداوە کە " چاوەڕوان دەکرێت ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەی سوپای سەربازی تورکیا لەسەر چیای گارە بێت، و ئەگەر گارە بگیرێت حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەک دەسەڵاتیان لەو ناوچانە نەمێنێت، بە تەنها لە ٢٥%ی خاکی پارێزگای دهۆک لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا دەمێنیت.

رێکخراوی ئاشتی جیهانی( سی پی تی) رایگەیاندووە" چاوەڕوان دەکرێت ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەی سوپای سەربازی تورکیا لەسەر چیای گارە بێت، کە درێژی چیاکە ٣٨.٩ کیلۆمەترە و ئۆپەراسیۆنەکە بە قولایی زیاتر لە ٢٢ کیلۆمەتر دەبێت لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا، ئێمە هۆشداری دەدەین کە لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە نزیکەی ٣٩ گوند لە دەوروبەری گارە بەتەواوی چۆڵ ببن،  ١٩٠ خانەوادە کە خێزانی گوند نشین و جوتیارن لە دەوروبەری چیای گارەن بە تەواوی گوندەکانیان چۆڵ بکەن و ئاوارە ببن".

رێکخراوی ( سی پی تی ) هوشداری دەدات و دەڵێت" لە ئەگەری گرتنی چیای گارە بە تەواوەتی شیلادزێ و دێرەلوک و ئامێدی بە تەواوەتی ئابلۆقە دەدرێن، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەک دەسەڵاتیان لەو ناوچانە نەمێنێت، بە تەنها لە ٢٥%ی خاکی پارێزگای دهۆک لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا دەمێنیت، ئەوەی دیكه‌ ٧٥٪  دەکەوێتە ژێر ڕکێفی سوپای سەربازی تورکیا".



PM:12:29:27/04/2024